لە ماوەی چەند حەوتووی (لە٨ی جۆزەردانەوە) رابردوودا دیسانەوە جارێکی دیکە
هەڵبژاردنەکانی خۆلی دووهەمی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی بووە ئامیانی گرژی و دەرکەوتنی نارەزایەتی لە ناوچەی ئیلامدا. پارێزگای ئیلام خاوەنی ٨ شارستانە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە دوو بەشی باکووری و باشووری دابەش دەکرێ. بەشی باکووری شارستانەکانی:(ئیلام، شیروان وچرداوڵ، ئەیوان، مێهران، مەلەکشایی) و بەشی باشووری شارستانەکانی:(دێهلۆڕان، دەڕەشار، ئابدانان) لە بەر دەگرێت.
بەشی باکوور دوو نوێنەرو بەشی باشوور، یەک نوێنەری لە مەجلیسی ئیراندا دەبێت. بەداخەوە پێکهاتەی عەشیرەیی لەم ناوچەدا هێشتاش تا رادەیەکی بەرچاو هێژمۆنیی خۆیی پاراستووەو رەنگە بتوانین بڵێن زۆرێنە لە روانگەی بەرژەوەندیی عەشیرەییانەوە لە گەڵ رووداوو پێشهاتەکان هەڵسوکەوت دەکەن.راستییەک کە کۆماری ئیسلامی زۆر بە باشی بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەرگرتووە. زۆر راستە کە داب ونەریتی کوردی لەو ناوچە بە بەراوەرد لە گەڵ کرماشاندا رەسەنایەتی خۆیی زیاتر پاراستووە، بەڵام چۆنییەتی و هۆکارەکانیشی جێگای سەرنجدان و تێڕامانە.
ناوچەیەک کە کۆماری ئیسلامی بە بەراوەرد لە گەڵ ناوچە کوردییەکانی دیکە پێگەیەکی جەماوەری پتەوی هەیە، لە حاڵێکدا هەرێمەکە هەم خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت و گازە و هەم هاوتەریبیش هەژارترین پارێزگای ئیرانە، واتە لە بواری هەژارییەوە لە زۆربەی بوارەکاندا یان لە پلەی یەکەم یان دووهەمدا جێ دەگرێت. ئەم پێکهاتە عەشیرەییە لە لایەکەوە هەمیشە کوانۆی هەڵبژاردنەکانی داگیرکەری گەرم کردووەو لە لایەکی دیکەوە ئاخێزگەو ئامیانی گرژی لێکەوتنەوە بووە.
لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی هەشتەمدا؛ ئەیوانییەکان بە پشتگیری لە ” داریوش قەنبەری” بۆ ماوەی چەند رۆژ رژانە سەر شەقامەکان و چەندین کوژراویان دا و لە ئەنجامدا کۆماری ئیسلامییان ناچار کرد کە پاشەکشە بە بڕیاری خۆی سەبارەت بە براوەناساندنی کەسی ویستراوی خۆی بکا و دەنگەکانی خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆیان. ئەمجارەش دیسانەوە بەشی باکووری بۆ نارەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر بەتاڵکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێشگرتن لە چوونی “د.عەلی ئەکبەر مەتین”، هاتنە سەر شەقام و ناڕەزاتەتییان نواند. د.مەتین؛ خەڵکی مەلەکشایی و ئەندامی عەشیرەی مەلەکشاییە، کە باوکی لە فەرماندەکانی شەڕی ئێران ـ عێراق بووەو لەو رێگایەدا گیانی لە دەست داوە.
ناوبراو بۆ خۆشی چ پێش لە هەڵبژاردنەکان و چ پاش مۆڵەتنەدانی بە رۆیشتن بۆ مەجلیس، بەردەوام جەختی کردۆتەوە کە سەربازی گوێ لە مستی “وەلایەتەو تەنیا رێگای بەختەوەریی مرۆڤ دەروەستی بەم رێبازە پیرۆزەیە” و پیویستە خەڵک تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی نیزام بکەنەوە. تەنانەت لە پاڵێوراوەکانی” موئتەلیفەی ئیسلامی”ش بووە. ئەگەرچی بە هەموو ئەمانەشەوە رەنگە ئەو کەسە جێگەی بڕوای لایەنگرانی خۆی بێ و هەروەها داکۆکیی لایەنگرانی لە دەنگەکانیان مافی رەوای خۆیانە. لەم نیوەشدا پێویست بوو چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و میدیاکان و پارتە کوردییەکان بە شێوەیەکی شێڵگیرانە راستیی رووداوەکانی ئەو ناوچەیان بگواستایەتەوە بۆ بیروڕای گشتی، چونکە هێندێک لە دەنگوباسەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ئاڵۆزیانەدا ژمارەیەکی بەرچاو کوژراوو بریندار، هەروەها سەدان کەسیش دەستبەسەر کراون.
بی لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاخێزگەو هۆکاری سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییانە تا چەندە پیوەندیی بە خواست و مافە دیمۆکراتیکەکانەوە هەیە، پۆششدانی بەربڵاوو بە رەسانەیی کردنی بە شێوەیەکی راستەقینەو بەرچاو ئەرکێکە کە هەم لەمبارەو هەم رووداوە هاوشێوەکانی دیکە رووبەرووی هەمووان دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەرۆژەڤبوونی رووداوەکان وا دەکات کە خوێندنەوەو شیکردنەوەیەکی هەمەلایەنەتر بۆ رووداوەکانی ناوچەی ئیلام بێتە ئاراوەو وا بکات کە ئاوڕێکی زیاتر لە پرس و خواستەکانی دانیشتووانی ئەو هەرێمە کە هەم لە لایەن کۆماری ئیسلامی و هەم هێزە کوردییەکانەوە تووشی جۆرێک پەرواێزکەوتوویین، بدرێتەوە. شتێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵک و پرسی شوناس و خواست لەو هەرێمەدایەو مەترسیش بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵات کە بێدەنگی نواندن و شاردنەوەی رووداوەکانە.
ناوچەی ئیلام تایبەتمەندیی سەرەکیی لە گەڵ پارێزگاکانی دیکەی کوردستان ئەوەیە کە نزیک بە سەداسەدی حەشیمەتەکەی کورد زمان و لە بواری بڕوای ئایینی و مەزهەبیشەوە وەک یەکن، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەرفەت و مەیدانی مانۆڕ بە هێزی کوردی دەدات. پوتانسییەلێک کە بە شێوەی پەنگراو ماوەتەوەو ئەگەرچی پ ک ک بۆ ماوەیەکی کورت هێندێک هەنگاوی بچووکی هەڵهێنا، بەڵام ئەمەشیان وەکوو پلانەکانی دیکەیان لە رۆژهەڵات بە نیوەونیوەچڵی بەجێهێشت.
لە سۆنگەیەکی دیکەوە؛ چالاکانی دیکەی کورد کە هەمیشە رەخنەیان لە حیزبەکان ئەوەیە کە جیهان و ئاراستەی روانینیان لە چوارچێوەی ئۆردۆگاکانیان بەرتەسک کردۆتەوە، بەداخەوە زۆرجار مرۆڤ وا هەست دەکات کە ئەوانیش بێجگە فۆکۆسێکی رۆتینی و ناواقعیانە لە سەر حیزبەکان تووشی ئەو نامۆبوونە لە پێوەندی لە گەڵ جڤاکی کوردیدا بوون کە حیزبەکان و سەرکردەکانیان دەستەوە یەخەین. چونکە بەرهەمهێنانێکی فیکری و خوێندنەوەیەکی ئەوتۆیان لەم بارەوە نیەو نەیانتوانیوە تێشک بخەنە سەر پرسەکان بە گشتی و ئیلام و رووداوەکانی ئەم دواییەی بە تایبەتی. ٥ ساڵ لەمەو پێشیش دەقاودەق هەر ئەم دۆخە لە ئارادا بوو،واتە جۆرێک پاسێڤبوون و دەستەوەستانی و تێنەگەیشتن لەهەمبەر رووداوەکانی ئیلام.
ئەوەی راستی بێت تان و پۆی عەشیرەیی و لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی خێڵەکی هەڵوێستگرتن بەداخەوە لە ناوچەی ئیلام رەگیکی قووڵی هەیەو ئەمەش لە داهاتوودا دەتوانێ کێشەی گەورە بخۆڵقێنێت، لە حالێکدا ئەگەر ئەمڕۆ هێزە کوردییەکان پلانێکی هەر چەن ساکاریشیان لەو بارەوە بێ و کۆمەڵێک هەنگاوی بچووک بهاوێژن، هەم دەتوانن چالێش بۆ داگیرکەر دروست بکەن و هەمیش دەمارگرژی عەشیرەیی بەرەو دەروەستی نەتەوەیی ـ نیشتمانی بشکێننەوە. نکۆڵێکردن لەو حەقیقەتە کە هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئاستی دەروەستی خێڵەکی لەو هەرێمە بوونیەتێکی ئەوتۆی نیەو پرسی کوردایەتی تایبەت بە کۆمەڵێک بژاردەی ئیلامییە، تەنیا لە تێگەیشتنی راستییەکان، دۆزینەوەی رێگای پیوەندی، باندۆڕدانان و چارەسەری بنەڕەتی دوورمان دەخاتەوە.
ئەگەر ناڕازەیەتیەکانی ئیلام وا دەکات کە کۆمەڵێک کەس پێیان وابێ ئەم چەشنە رووداوانە دەبێتە ئامیانی دوورکەوتنەوەی رۆژ بە رۆژی داگیرکەر و خەڵک لە یەکترین، بەڵام لە بیرمان نەچێت کە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکی وەها بەرین و بەرچاو لە ناوچەیەک، هاوکات بێدەنگی و بێ هەلۆێستی و کەمتەرخەمیی ناوچەو شارەکانی دیکەی نزیک لە ناوەندی رووداوەکە پیشاندەری ئەو مەودا قووڵ و نایەکانگیرییەیە کە لە نێوان خەڵکەکەدا هەیەو هاوکاتیش کەڵێنی نێوان کۆمەڵگەی کوردییش قووڵتر دەکاتەوە. دیاردەیەک کە داگیرکەر تەنیا و تەنیا یەکیک لە هۆکارەکانی بوونیە، نەک هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی.{jcomments off}