"an independent online kurdish website

سەرەتا ,   قسەکردن لەسەر هاوکێشەکانی هێز‌و دەسەڵات له‌خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ قسەکردن دەربارەی پرۆژەی ئیسرائیل‌و ئەمه‌ریکا کارێکی نەکردەیە.meriwan_wurya_qaneh

ئەم دوو هێزە کاریگەریی گەورەیان لەسەر رووداوەکانی ناوچەکە‌و ریزبەستنە سیاسییە گەورەکانی ناوچەکە هەیە. 

ئیسرائیل‌و ناوچەکە
له‌ڕۆژی دروستبوونییەوە ئیسرائیل کێشەی گەورەی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەم وڵاتانە نەک تەنها بوونی ئیسرائیلیان وەک دەوڵەت لەناوچەکەدا بە دروستکراوێکی ئیمپریالی دادەنا‌و ئامادەنەبوون هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی‌و ئابوری‌و فەرهەنگی ببەستن، بەڵکو ئامادەش نەبوون دان بەبوونیدا بنێن. ئەم دۆخە بووە هۆکاری کۆمەڵێک جەنگی خوێناوی‌و وێرانکەری لەو ناوچەیەدا، بەڵام سەرجەمی ئەو جەنگانە له‌قازانجی ئیسرائیل‌و بەزیانی عەرەبەکان بەگشتی‌و فەلەستینییەکان بەتایبەتی شکاوەتەوە. بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی وەک دەوڵەت، ئیسرائیل دەیه‌وێت بە عەرەب‌و ناوچەکەی بسەلمێنێت کە یەکەیەکی سیاسی لەڕووخاننەهاتووە‌و دروستبووە بۆئەوەی بمێنێتەوە. هەروەها دەیەوێت بڵێت ئیسرائیل دەوڵەتێکە باشترە بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە وەک بەشێک له‌سیستمێکی ئیقلیمی قبووڵیبکەن، نەک بیر له‌وێرانکردنی بکەنەوە‌و هەوڵی لەناوبردنی بدەن. پرۆژەی ئیسرائیل لەناوچەکەدا ئەم ویستە ئاراستەیدەکات، مەبەستم ویستی مانەوە‌و قبووڵکردنیەتی وەک هێزێکی گەورە لەناوچەکەدا، نەک هیچ دید‌و خەونێکی ئایدیۆلۆژی‌و دینی‌و فەرهەنگی. لەڕاستیدا ئەوەی ئەم دیدە دەسەلمێنێت سڵنەکردنەوەی ئیسرائیله ‌تەنانەت بۆ کارکردن لەگەڵە ئایەتوڵاکانی تاراندا دوای بەرپابوونی جەنگی ئێران‌و عێراق‌و فرۆشتنی چەک لانیکەم تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ بە ئێرانێک کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیلە. 
هەندێک له‌وڵاتە عەرەبییەکان زوو گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ناکرێت ئیسرائیل لەناوببرێت، بۆیە هەوڵی رێککەوتنیان لەگەڵدا دا. میسر له‌ساڵی ١٩٧٩دا رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزاکرد، له‌ساڵی ١٩٩٤دا ئیسرائیل‌و ئەردەن هەمان رێککەوتننامەیان ئیمزاکرد، ئەگەرچی سعودیە‌و مەغریب‌و وڵاتانی کەنداو رێککەوتنی رەسمییان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام ئەو گوتارە سیاسی‌و ئایدیۆلۆژییەشیان نییە کە ئیسرائیل وەک دوژمنی سەرەکی عەرەب ببینن‌و بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بە ئەرکی سەرەکی ئومەی عەرەبی بزانن. هاوکات ئیسرائیل زۆر بەوردی تەماشای پرۆسەی بەهێزبوون‌و خۆچەکدارکردنی وڵاتانی ناوچەکە دەکات‌و ناهێڵێت هیچ یەکێک لەو وڵاتانە هێزێکی قابیلی هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل، دروستبکەن. ئەم ستراتیژە وایکرد ئیسرائیل، بۆ نموونە، له‌ساڵی ١٩٨١ کۆمەڵێک پێگەی سەربازی عێراق بۆمباران‌و وێرانبکات، کە گومانی ئەوەی لێدەکرا عێراق تیایاندا بەرنامەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت. 
تا جەنگی کوەیتی ساڵی ١٩٩١ سیاسەتی ئیسرائیل لەسەر بوون بە دۆستی وڵاتە ناعەرەبییەکانی ناوچەکە دروستبووبوو، بوون بە دۆستی تورکیا‌و هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە له‌ئێران‌و ئەسیوبیا، هتد.. تەوەرە سەرەکییەکانی بوو، بەڵام لەگەڵ لاوازبوون‌و دواتر کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین‌و لەگەڵ گۆڕانی لەسەرخۆی ئێرانی جمهوری ئیسلامیدا بۆ هێزێکی ئیقلیمی گەورە، ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەرداهات. شارەزایەکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاست ئەم گۆڕانە بە ”تسونامییەکی جیۆسیاسی“ ناودەبات. له‌ئێستادا ئیسرائیل نەک تەنها رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان هەیە، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت پشت بەهاریکاری هەندێک له‌وڵاتە عەرەبییەکانیش ببەستێت، بەتایبەتی وڵاتی سعودیە‌و میرنشینەکانی کەنداو. له‌ململانێی ناوچەیی نێوان ئیسرائیل‌و ئێراندا، ئەم وڵاتە عەرەبییانە، هاوسەنگەری ئیسرائیلن. ململانێی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران لەناوچەکەدا یەکێکە له‌ململانێ گەورەکان، ئەمڕۆ ئەم ململانێ سیاسییە ئاکارێکی دینی وەرگرتوە، ئەمە وایکردوە ئەو گوتارە عەلمانییە تەقلیدییە دژ بە ئیمپریالیزم‌و زایۆنیزمەی سوریا‌و هێزە چەپەکانی عەرەب هەڵگرین، ئەو قورساییەی جارانیان نەماوە. لەباتی ئەمە گوتارێکی دینی دروستبووە کە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا وەک جیهادێکی دینی وێنادەکات‌و مردن لەو جەنەگەشدا وەک شەهادەتی دینی دەناسێنێت.
گۆڕانی راستەقینە له‌هێزی وڵاتانی ناوچەکەدا دوای جەنگی کوەیتی ساڵی ١٩٩١ دەستپێدەکات، لەم جەنگەدا عێراق، کە یەکێک له‌دوژمنە سەرسەختەکانی ئێران بوو، بەشێوەیەکی گەورە لاوازبوو، کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینیش له‌ساڵی ٢٠٠٣دا، هێزی ئێرانی لەناوچەکەدا زۆر زیاترکرد. لەمڕۆدا تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل پەیوەندی بەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکیە گەورەیەوە هەیە، نەک بە دوژمنایه‌تییەکی ئایدیۆلۆژییەوە. کێشەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی‌و دینی نییە، بەڵکو کێشەی پڕکردنەوی ئەو بۆشاییە گەورەیە کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد‌و لاوازبوونی دەوڵەتە دۆستەکانی سۆڤیەت لەناوچەکەدا دروستیانکرد.

ئیسرائیل‌و تورکیا
تا چەند ساڵێک لەمەوبەر پەیوەندی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا هێجگار بەهێز‌و فرەلایەن بوو، نەک تەنها پەیوەندی ئابوری‌و دیپلۆماسی، بەڵکو پەیوەندی سەربازی بەهێزیان هەبوو. 
ئیسرائیل یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە چەک‌و تفاقێکی زۆری بە تورکیا فرۆشتوە، هاوکات کاری سەربازی هاوبەش‌و مەشقی سەربازی پێکەوەیی بەشێک بوو له‌پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە. ئاستێکی تری پەیوەندی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا پەیوەندی بە تێگەیشتنی تورکیاوە هەیە له‌هێز‌و کاریگەریی ئیسرائیل له‌ئەمه‌ریکادا. تورکیا خۆی کاریگەریی راستەوخۆی لەناو ئەمه‌ریکادا نییە، ژمارەی ئەو تورکانەی له‌ئەمه‌ریکادا دەژین کەمن‌و بەراوردناکرێن، بۆ نموونە، بە ژمارەی یۆنانی‌و ئەرمەنییەکان له‌ئەمه‌ریکادا. هەم یۆنانی‌و هەم ئەرمەنیەکان دوو دوژمنی سەرەکی تورکیان. بۆیە تورکیا باوەڕی وایە کە لەڕێگای پەیوەندییەکی باشەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەتوانێت کاریگەری لۆبی ئیسرائیلی لەسەر سیاسەتی ئەمه‌ریکی بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە.
له‌ئێستادا پەیوەندی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تورکیا دەیەوێت له‌وڵاتە عەرەبییەکان نزیکبکەوێتەوە‌و سود لەو گوتارە ئیسلامییە ببینێت کە دۆستی لەناوچەکەدا بۆدروستدەکات. لەچەند ساڵی رابردووشدا زیاد لەجارێک پێکدادان لەنێوان دید‌و سیاسەتەکانی ئیسرائیل‌و ئەوانەی تورکیادا روویانداوە. هەموو ئەمانە مانای ئەوە نییە کە تورکیا تا ئێستاش یەکێکە له‌دۆسە گەورە‌و نزیکەکانی ئیسرائیل. 

ئیسرائیل‌و فەلەستینییەکان 
ململانێی نێوان ئیسرائیلییەکان‌و فەلەستینییەکان بەشێکە له‌مێژووی سەدەی بیستەم لەناوچەکەدا. ئەم ململانێییە شێوازی جیاوازی گرتۆتەخۆی، له‌جەنگی گەورەوە بۆ خەباتی چەکداری‌و لەوانیشەوە بۆ راپەڕین‌و خۆپیشاندانی رۆژانەی بێچەک. سەرەتا ئەم ململانێیانە لەنێوان ئیسرائیل‌و وڵاتە عەرەبییەکاندا بوو، دواتر بووە ململانێی ئەو وڵاتە لەگەڵ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستیندا. له‌کۆتایی هەشتاکانیشەوە ئیسرائیل رووبەڕووی کۆمەڵگای فەلەستینی بووەوە، له‌”ئینتیفازەی یەکەمدا“ کە لەساڵی ١٩٨٧دا دەستیپێکرد، ئیسرائیل رووی بە رووی ئەو منداڵە فەلەستینیانەدا تەقییەوە کە له‌ساڵانی هەفتا‌و هەشتادا گەورەبووبن‌و چەکی سەرەکییان بەردهاویشتن بوو. یەکەمجار منداڵانی ئۆردوگای جەبەلیە بەردیانهەڵگرت، بەڵام دواتر هەموو ناوچەکانی غەزە‌و زیفەی غەربی‌و رۆژهەڵاتی قودسیشی گرتەوە. وێنەکانی ئەم ململانێ رۆژانەیە له‌نێوان منداڵانی بەردبەدەست‌و بەهێزترین‌و پڕچەکترین لەشکر له‌ناوچەکەدا بوون بە وێنە هەرە ئامادە‌و بەهێزەکانی سەر شاشەی تەلەفیزۆنەکانی دونیا. ئیسرائیل جەنگە سەربازییەکەی بردەوە، بەڵام ئەم جەنگە میدیاییەی دۆڕاند. لەژێر فشاری ئەم دۆخەدا ئیسرائیل له‌ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٣دا ناچاربوو لەگەڵ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی لەژێر سەرکردایەتی یاسر عەرەفاتدا له‌نەرویج دەستبکەن بە گفتوگۆ. ئەم گفتوگۆیانە بە رێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ ناسراون. بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی نوێنەری میللەتی فەلەستینییە‌و رێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستینیش بەڕەسمی دانینا بە بوونی ئیسرائیلدا وەک دەوڵەتێک لەناوچەکەدا، بەڵام بەندەکانی ئەم رێککەوتننامەیە جێبەجێنەکران‌و ململانێی نێوان هەردوولا بەردەوام بوو تا تەقینەوەی ”ئینتفازەی دووهەم“ له‌ساڵی ٢٠٠٠دا. لەم راپەڕینە تازەیەدا فەلەستینیەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان پەنایان بۆ تەکتیکی خۆتەقاندنەوە‌و گەیاندنی زۆرترین زیان بە خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل برد. ئەم دۆخە نوێیە ژمارەیەکی هێجگار زۆر قوربانی خستەوە. گرنگترین کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بەم دۆخە نوێیە دروستکردنی دیوارێکی درێژ‌و بەرزە بۆ دابڕانی ناوچە فەلەستینییەکان له‌ئیسرائیل. ئەم دیوارەی ئیسرائیل ٦٥٠ کیلۆمەتر درێژە، زیاد له‌٤ جار درێژترە له‌دیواری بەرلین‌و ٨ مەتریش بەرزە، دیواری بەرلین ٣.٦ مەتر بەرزبوو. 
ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینییەکاندا بەشێکە له‌کێشە هەرە گەورە‌و سەرەکییەکانی ناوچەکە‌و جیهانیش. ئەمڕۆ ئەم ململانێیە تا دێت له‌ململانێیەکی نەتەوەیی‌و کۆلۆنیالییەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی دینی. ململانێی نێوان ئیسلام‌و مەسیحیەت‌و ئاینی جولەکە. ئەم گۆڕانە وایکردووە هەم لەناو ئیسرائیلدا هێزی دینی توندڕەو دروستببن‌و هەم بەشی هەرەزۆری ئەو هێزانەی ئەمڕۆ بەگژ ئیسرائیلدا بچێتەوە هێز‌و رێکخراوە دینییەکان بن.

ئەمه‌ریکا‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ئەمه‌ریکا گەمەکەری هەرەسەرەکییە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەدرێژایی ساڵانی جەنگی سارد ئەمه‌ریکا چوار دۆستی گەورەی لەم ناوچەیەدا هەبوو کە بریتین له‌ئیسرائیل‌و ئێرانی سەردەمی شا‌و تورکیا‌و عەرەبستانی سعودیە. بەشەکانی تری ناوچەکە یان دۆستی سۆڤیەت‌و دژە ئەمه‌ریکابوون، یان بێلایەن بوون. لەم ململانێیەدا ئەمه‌ر‌یکا هێزە سەربازی‌و ئابوری‌و میدیایی‌و ئایدۆلۆژییەکەی بەهەموو شێوەیەک خستبووەگەڕ بۆ هاریکاریکردنی ئەم وڵاتانە‌و بەگژاچوونەوەی نفوزی سۆڤیەتی لەناوچەکەدا. لەدوای شۆڕشی ئێرانیشەوە ئێران لەم هاوکێشە ئەمه‌ریکییە چووەدەرەوە‌و بوو بەیەکێک له‌دەوڵەتە ناحەزەکانی ئەمه‌ریکا لەناوچەکەدا، بەڵام ئێرانی دوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ ئێرانێک نەبوو بەناوی دیموکراسیەت‌و مافی مرۆڤ‌و رێزگرتن له‌جیاوازییەوە بدوێت، بەڵکو بەناوی ئایدیۆلۆژیایەکی ئیسلامی شیعی رادیکاڵەوە دوا کە دونیای لەسەر دابەشکردنێکی دینی بۆ بەرەیەکی شەیتانی‌و بەرەیەکی رەحمانی دابەشدەکرد. راستە ئەم دابەشکردنە ئایدیۆلۆژییەی دونیا ئەو پاڵنەرە نییە له‌پشتی سیاسەتی ئێرانییەوە، ئێران ئامادەیە لەگەڵ زۆر هێزدا کاربکات کە تەواو ناکۆکە بە ئایدیۆلۆژیا دینییەکەی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە له‌پەیوەندییدا بە ئەمه‌ریکاوە ئەم دیدە ئایدیۆلۆژییەی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە نەبووە. لەدوای بەهێزبوونی ئێرانەوە لەناوچەکەدا ئەمه‌ریکا ناچاربووە رێککەوتنی پاراستنی ئاسایشی دوولایەنە لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی کەنداودا ئیمزابکات، بەم مانایە ئەمه‌ریکا لەڕێگای ئەو وڵاتانەوە هاوسنووری ئێرانە. 
تورکیا تا ئەمڕۆ یەکێکە له‌دۆستە ستراتیژییە گەورەکانی ئەمه‌ریکا، بەدرێژایی پەنجا ساڵی رابردوو پەیوەندییەکی پتە‌و هەمەلایەن لەنێوان تورکیا‌و ئەمه‌ریکادا هەبووە، ئەگەرچی ئەمڕۆ جۆرێک له‌زویربوون‌و ئاڵۆزی لەم پەیوەندیەدا دروستبووە. بەتایبەتی لەدوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا له‌کاتی جەنگی ئەمه‌ریکا دژ بە رژێمەکەی سەدام حوسەین له‌ساڵی ٢٠٠٣دا رێگەی بە هێزەکانی ئەمه‌ریکا نەدا له‌خاکی تورکیاوە پەلاماری رژێمەکەی سەدام حوسەین بدەن، بەڵام ئەم زویربوونە زیانی قابیلی باسکردنی له‌پەیوەندی نێوان تورکیا‌و ئەمه‌ریکا نەداوە. ئەمه‌ریکا‌و تورکیا تا ئەمڕۆش پەیوەندی سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و سەربازی بەهێزیان لەگەڵیەکدا هەیە. لەگەڵ هاتنی ئۆباماشدا بۆ کۆشکی سپی، پەیوەندی ئەمه‌ریکا‌و تورکیا باشبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لەمانگی ٤ی ساڵی ٢٠٠٩دا ئۆباما له‌پەرلەمانی تورکیا قسەیکرد‌و باسی له‌”شەراکەتی نموونەیی“ کرد لەنێوان ئەمه‌ریکا‌و تورکیادا. مەبەست لەم شەراکەتەش کارکردنی پێکەوەیی ئەو دوو وڵاتەیە لەو شوێنانەدا کە قازانج‌و مەسڵەحەتی ئەو دوو وڵاتە بەیەکدەگەن‌و یەکتریدەبڕن، بەتایبەتی له‌ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاشکرایە تورکیا لەچەند ساڵی رابردوودا جۆرێک سەربەخۆیی بەدەستهێناوە له‌سیاسەت‌و هەڵوێستوەرگرتنیدا له‌ناوچەکە‌و جیهاندا. ئەمەش وایکردوە تورکیا زۆر لەوە زیاتربێت کە دەوڵەتێکی گوێلەمستی ئەمه‌ریکابێت. بۆ نموونە لەمانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٠دا تورکیا له‌نەتەوە یەکگرتوەکان دژی تازەکردنەوەی دەورەیەکی تر له‌گەمارۆدانی ئابوری دژ بە ئێران دەنگی دا‌و بەگوێی ئەمه‌ریکییەکانی نەکرد. 
وڵاتانی کەنداو‌و عێراقیش وەک دۆستی ئەمه‌ریکا وێنادەکرێن‌و ئەمه‌ریکا بەنیازبوو لەڕێگای لابردنی رژێمەکەی عێراقەوە ناوچەکە بکاتە ناوچەیەکی دیموکراسی. خەونی کۆنزەرڤاتیڤە تازەکانی ئەمه‌ریکا ئەوەبوو کە ئەمه‌ریکا هێزە سەربازی‌و ئابورییە گەورەکەی لەدونیادا بخاتەکار بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسییەت، بەڵام جەنگی دە ساڵەی ئەمه‌ریکا له‌ناوچەکەدا، لەدوای ١١ سێپتێمبەرەوە‌و ئەو زیانە گەورانەی ئەمه‌ریکا لەناوچەکەدا کردی، ئەمه‌ریکای ناچاکرد واز لەم خەونە بهێنێت. 
وەک هەمیشە ئەمڕۆ سیاسەتی ئەمه‌ریکی له‌ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو مەبەستی سەرەکی هەیە. یەکەمیان پاراستنی نەوتی ناوچەکە‌و مسۆگەرکردنی گەیشتنی ئەو نەوتەیە بە ئەمه‌ریکا بەنرخێکی ماقوڵ. دووهەمیان پاراستنی ئەمن‌و ئاسایشی ئیسرائیل لەڕێگای رێگەگرتن له‌گۆڕینی تەرازوی هێز لەناوچەکەدا بە زیانی ئیسرائیل. لەدوای ١١ی سێپتێمبەریشەوە بەگژاچوونەوەی تێرۆریزم بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکابوو لەناوچەکەدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەم رەهەندەی سیاسەتی ئەمه‌ریکی ئەو گرنگییەی نەماوە، بەتایبەتی لەدوای خستنی رژێمەکەی تاڵەبان‌و خستنی سەدام حوسەین‌و وێرانکردنی بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکەی ئەل قاعیدە لەناوچەکەدا. 

ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل‌و ئێران
ئەوەی ئەمڕۆ لەناوچەکەدا گۆڕاوە بەهێزبوونی ئێران‌و ئەو باڵە شیعەیە کە له‌ئێرانەوە نزیکن. ئەم بەرە تازەیە بەرەیەکە پەیوەندییەکی زەحمەت‌و پڕکێشەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. بوونی ئێرانیش بە هێزێکی ئەتۆمی لەناوچەکەدا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ئیسرائیل‌و دروستبوونی گۆڕانێکی گەورەشە له‌هاوسەنگی پەیوەندییەکانی هێز لەناوچەکەدا. بۆیە هەم ئەمه‌ریکا‌و هەم ئیسرائیل‌و هەم وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە ترسێکی گەورەیان لەبوونی ئێران بە هێزێکی ئەتۆمی هەیە. لەڕاستیدا رێگرتن لەوەی ئێران ببێت بەهێزێکی ئەتۆمی هێڵە هەرەسەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمه‌ریکی‌و سیاسەتی ئیسرائیل‌و سیاسەتی عەرەبستانی سعودییە‌و وڵاتانی کەنداو‌و سیاسەتی تورکیاشە. بوونی ئێران بە هێزێکی ئەتۆمی هەڕەشەیە بۆسەر هەموو ئەو لایەنانە. هاوکات سیاسەتی دیالۆگ لەگەڵ ئێراندا گۆڕاوە بۆ ”دیپلۆماسیەتی فشاردانان“، له‌ئێستادا فشارەکان له‌فۆرمی ئابڵۆقەیەکی ئابوری وێرانەکردا بەرجەستەیە کە ئابوری ئێرانی لەناوەوە وێرانکردووە. ئاشکرایە جەنگی میدیا لەگەڵ ئێراندا دەستیپێکردووە. هەڕەشەش بە پەلاماردانی سەربازی‌و جوڵاندنی کەشتییە گەورە پڕ چەکە قورسەکانی ئەمه‌ریکا لەناوچەکەدا، ئەمە جگە له‌هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان، بەشێکی بەرچاوی ئەو جەنگە میدیایە کە دەستیپێکردووە. ئەگەر جەنگ لەناوچەکەدا دروستببێت ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تیایدا ئەگەرێکی کراوەیە. 
سنوورەکانی دەسەڵاتی ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل
تێڕوانینێکی هەڵە له‌دونیای ئێمەدا ئامادەیە کە پێیوایە ئەوەی ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل بیانەوێت، ئەنجامیئەدەن. لەم تێڕوانینەدا ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل وەک دووهێز وێنادەکرێن کە دەتوانن ویستی خۆیان بەسەر هەموو هێزەکانی تردا بسەپێنن، چی بخوازن‌و چۆنی بخوازن وابیسەپێنن، بەڵام ئەم دیدە نەک تەنها دیدێکی ناڕاستە، بەڵکو مەترسیداریشە، ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل دوو گەمەکەری گەورەن، بەڵام ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت، یان ئەوەی بیریلێدەکەنەوە بیسەپێنن. ئەمه‌ریکییەکان له‌عێراقدا نەیانتوانی بزوتنەوەکەی موقتەدا سەدر لەناوببەن، گەرچی لەساتێک له‌ساتەکاندا ئەمە ئامانجیان بوو. بەدرێژایی ساڵانێکی درێژە ئیسرائیل ناتوانێت له‌لوبناندا حیزبوڵا لەناوببات. بۆیە هەڵەیە چاوەڕوانی ئەوەبکرێت ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل بتوانن رژێمی ئێرانی بڕوخێنن‌و شیعەکانی عێراق ماڵیبکەن‌و حافز ئەسەد له‌سوریا دەرپەڕێنن‌و حیزبوڵای لوبنانی لەناوببەن، حەماس‌و هێزە جیهادییەکانی تر لەناوببەن. هەموو ئەمانە هێزی مرۆیی‌و سەربازی‌و گەورەن‌و توانایەکی گەورەی بەرگریکردنیان لەخۆ‌و له‌دید‌و بۆچوونەکانی خۆیان هەیە. ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم هێزانە ناکرێت فشاری گەورە‌و بەردەوامیان بخرێتەسەر، ناچار بەهەندێک رێککەوتن‌و تەنازولات بکرێن، بەڵام ئەوەی پێمانوابێت ئەم تەوەرە سیاسی‌و سەربازی‌و مرۆییە بە ئاسانی لەناوئەچێت، بۆ نموونە لەڕێگای پەلاماردانی سەربازی هەندێک بنکەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێرانەوە، هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە. 

کورد‌و ئەمه‌ریکا‌و ئیسرائیل
کورد لەجەنگی ئەمه‌ریکا دژ بە رژێمەکەی سەدام حوسەین له‌ساڵی ٢٠٠٣دا جێپێیەکی باشی بە ئەمه‌ریکا بەخشی بۆ پەلاماردانی رژێمەکەی سەدام حوسەین، بەتایبەتی کاتێک تورکیا رازینەبوو سەربازە ئەمه‌ریکییەکان له‌خاکی تورکیاوە بەشداری شەڕەکە ببن. بەمەش کورد وێنەی خۆی وەک دۆستێکی گەورەی ئەمه‌ریکا لەناوچەکەدا کێشا، لەدوای ئەمەشەوە لەهەرێمی کوردستاندا چەند گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکاندا ئیمزاکردوە، بەڵام ئەم دۆخە نەیتوانیوە‌و ناشتوانێت لەگەڵ تورکیادا ململانێ بکات بۆ راکێشانی ئەمه‌ریکا بەلای خۆیدا. نووسەری ئیسرائیلی، ئۆفرا بینگیۆ لەم بارەیەوە دەڵێت کە مەسەلەی کورد جۆرێک له‌ئاڵۆزی لەنێوان تورکیا‌و ئەمه‌ریکادا دروستکرد، بەڵام کاتێک مەسەلەکان هەستیاردەبن‌و ئەمه‌ریکا ناچاردەکرێت لایەن هەڵبژێرێت هەمیشە دەچێتە پاڵ تورکیا. بەبۆچوونی من ئەم دۆخە بۆ سەرجەمی پەیوەندییەکانی تری ئەمه‌ریکا لەناوچەکەدا هەر راستە. ئیسرائیلیش لەناوچەکەدا لەناو هەمان هاوکێشەدا کاردەکەن، رازیکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە له‌ڕازیکردنی کورد بە گرنگتر دەزانێت. 

دەرەنجامێکی گشتی
ئەوەی له‌کۆتایی ئەم زنجیرە وتارەدا قابیلی لەسەر وەستانە ئەوەیە کە هیچ یەکێک لەم ٤ پرۆژە سیاسییە گەورەیە لەناوچەکەدا، سەرەڕای ناکۆکییە ناوەکییەکانیان، شوێنێکی تێدا نییە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی. لەبەرنامەی هیچ هێزێک لەو هێزانەدا نییە دەوڵەتێک بۆ کورد دروستبکات. ئەگەر لەهەموو دونیادا هێزێک هەبێت بیەوێت دەوڵەت بۆ کورد دروستبکات کورد خۆیەتی، بەڵام ئایا کورد خۆی دەتوانێت دەوڵەتێکی راگەیه‌ندراو لەهەلومەرجێکی لەم بابەتەدا بپارێزێت. دیارە نە ئەمه‌ریکییەکان‌و نە ئیسرائیل‌و نە ئێران‌و نە سعودیە‌و وڵاتانی کەنداو ئەم کارە نەک ناکەن، بەڵکو ئەگەری دژایەتیکردن یان لانیکەم بەرگریلێنەکردنی هەڵدەبژێرن. ئەوەی له‌کۆتایی ئەم زنجیرە وتارەدا قابیلی لەسەروەستانە هەڵوێستی تورکیایە. راستە گۆڕانێکی بەرچاو بەسەر سیاسەتی تورکیادا بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم‌و کوردستانی باشور هاتووە. راستە ئێستا ئەو وڵاتە پێشوازی له‌سیاسییە کوردەکان دەکات، بەتایبەتی له‌سەرۆکی پارتی‌و ئەندامانی تری بنەماڵەی بارزانی. راستە تورکیا چاویبڕیوەتە نەوت‌و غازی کوردستان، راستە تورکیا هەرێم وەک بازاڕێکی سودبەخش‌و وەک دەروازەیەک بۆ چوونە ناو عێراق دەبینێت، راستە تورکیا له‌ململانێیدا لەگەڵ ئێراندا لەپاڵ پارتی‌و سونەکانی عێراقدایە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاست تورکیا دەبێت بەو وڵاتەی دەوڵەت بۆ کورد دروستبکات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ پێویستی بە باوڕکردن بە موعجیزە هەیە. تورکیا کە باوه‌ڕی وایە کورد گەر له‌ئەفریقاش دەوڵەتێک دروستبکات ئەوان بڕۆن بیڕوخێنن، نابێتە ئەو هێزەی دەوڵەت بۆ کورد دروستبکات. بەبۆچونی من تورکیا دەشێت هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، وەک بەشێک له‌تورکیا خۆی وێنابکات، تەماحی ئەوەی هەبێت ئیمارەت یان ئیقلیمێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی لێدروستبکات‌و بیشیپارێزێت. لەباشترین دۆخدا تورکیا ئەم بەشەی کوردستان وەک قوبروسی باکور مامەڵەبکات. بەڵام ئەمە سیناریۆی دروستکردنی دەوڵەت نییە، ئەمە دروستکردنی هەرێمێکە تورکیا تیایدا وەک ئاغایەک ئامادەبێت‌و چی بووێت‌و چۆنی بووێت وا بەڕێوەیببات‌و وا بەکاریبهێنێت. ئەمەش گۆڕینەوەی جۆرێکە له‌داگیرکردن بە جۆرێکی تر له‌داگیرکردن.

دوابەش 

سەرچاوە ماڵپەڕی ئاوێنە

بۆ بابەتەکانی تر ئێرە کلیک بکەن 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی