پێشەکی : لە بەشی پێنجەم کورەتەیەک لە سەر ناساندنی تێکۆشەرانی کۆمەڵە لە ناو تایفەی وەڵەوەییم کرد کە بریتی بوون لە:
هاوڕێیان قادر، مەجید، ڕەحمان، ئەنوەر، ئەکبەر، خۆم، خالید، ئەحسەن، جەلیل و هەر وەها چەندها گەنجی تر هەر لە ئەو ژینگەیە. لە بەشی شەشەمدا باسی دەور و کاریگەری ئەو تۆێژە لە ئەو پەنابەرانەم کرد کە بە زگوردەکان ناوبانگیان دەرکرد. بە تایبەت ئەوانەی کە سەر بە کۆمەڵە بوون وەک دوکتور نەبی، حەمە سووە، ئایەت، خالید، هاشم سروش (هاشم درێژ)، فەرزاد، ئازاد سنە، عەلی جان، حەبیب، محەمەد تورکەمەن، جەلیل فارس، عەباس و ئەمیر عەرەب، زاهید، شەریف و حەمید سنە و چەندهای تر کە هەم وەک هەڵسووراو و لایەنگری کۆمەڵە و هەم وەک کەسانی کۆمەڵایەتیش توانییان کاریگەری باش لە شوێنی ژیانی پەنابەری خۆیان دابنێن.
لە بەشی حەوتەمیشدا باسی کەسایەتی و جێگە و پێگەی چەند کەس لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەم لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانی لە ئۆردووگای ڕومادی کرد. ئەو هاوڕێیانە بریتی بوون لە میرزا موراد، مەڵک محەمەد، حەیدەر ڕەزایی، سادق، سەمین، کاخان و زیندوو یاد ئەردەشیری سەلیمی کە زۆربەیان خانەوادەگی لە گەڵ کۆمەڵە بوون.
لە ئەم بەشەیدا ناوی بەشێکی تری هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ناو تیرە و تایفەکانی گۆران و قەڵخانی لە ئۆردووگای ڕومادی دێنمە بەر باس و ناساندن.
هاوڕێ ڕەزا محەمەدی و خانەوادەکەیان، میم مەلەکە (پوورێ مەلەک)، کاک عەلی ئاغا، میرزا و فەرهاد.
ئەم خانەوادەش لە ڕێزی ئەو خانەوادە دڵسۆز و زەحمەتکێشانە بوون کە لە پێناوی بیر و باوەڕی سوسیالیستی و شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵەدا بە دڵ و بە گیان تێ ئەکۆشان. پێوەندی گرتنی ئەم خانەوادە هەڵسووراوە لە کاک ڕەزا وە دەستی پێ کرد بوو کە ساڵی ١٩٨٣ یان ١٩٨٤ چوو بووە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە لە گوردانی داڵاهۆ و دواتر لە ساڵی ١٩٨٥ یان ١٩٨٦وە کە هاتنە ئۆردووگای ڕومادی هەر زوو پیوەندیان لە گەڵ ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵە گرت و بە ئەو پەڕی لێهاتووییەوە دەستیان دایە چالاکی و تێکۆشان. هەر وەک باسم کرد خانەوادەکەیان بوون بە لایەنگر و چالاکی کۆمەڵە.
میم مەلکە، دایکی کاک ڕەزا و کاک عەلی ئاغا و میرزا و فەرهاد ئەگەر چی کەسێکی بە تەمەن بوو، ئەگەر چی خوێندەواری نەبوو، بەڵام بە زمانێکی سادە و هەست بزوێن باسی مەینەت و ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی هەژار بە گشتی و ژنانی کوردی بە تایبەتی بۆ ژنانی دەور و بەری خۆی ئەکرد. لە بیرمە کە لە یەکەم مەراسمی ڕۆژی ژن (٨ی مارس) لە ئۆردووگای ڕومادی، ئەو وتار خوێنی سەرەکی ئەو مەراسمە بوو کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ئەو کۆڕەدا بەشدار بوون. ماڵی ئەم خانەوادە بەڕێزەش وەک ماڵی زۆربەی لایەنگران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە جێگە و شوێنی چەندها کۆڕ و کۆبوونەوەی کار و چالاکی کۆمەڵە بووە. کاک میرزاش لە دوای ساڵی ١٩٩١وە بۆ ماوەیەک چووە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە. ئەم خانەوادە بەڕێزە بۆ خزمەت کردن بە ئامانجی کۆمەڵە لە ژینگەکەی خۆیان کاریگەری باشیان دانا بوو و لە ڕێگەی ئەمانەوە چەندها کەسی تر کۆمەڵەیان ناسیوە.
لە دوای جیا بوونەوەی کومونیزمی کرێکاری لە کۆمەڵە و لە حیزبی کومونیستی ئێران ساڵی ١٩٩١، کاک ڕەزا و کاک عەلی ئاغا بوون بە لایەنگری کومونیزمی کرێکاری. بەڵام میم مەلەکە و کاک میرزا بە لایەنگری کۆمەڵە مانەوە.
دواتر (ساڵی ١٩٩٤ یان ١٩٩٥) کە هاتنە وڵاتی هۆڵەند تەواوی خانەوادەکەیان بوون بە لایەنگری حێزبی کومونیستی کرێکاری و دواتر لە گەڵ حکمەتیستەکان بوون و ئیستە تا ئەو جێگەی من بزانم لە گەڵ هیچ لایەنێکدا نین.
زەحمەت و دڵسۆزییەکانی ئەندامانی ئەم بنەماڵە بەڕێزەش بۆ خزمەت کردن بە ڕێبازی ئازادیخوازانە و دادپەروەرانەی کۆمەڵە دەبێ بەرز ڕاگیرێت! ئەم بنەماڵە تێکۆشەرە لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی داڕاڕەشیدی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون کە ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی عێراق بوون.
هاوڕێ غەریب (قەریب) محەمەدی
هاوڕی غەریبیش کە ئامۆزای کاک رەزا و کاک عەلی بوو هەر لە ساڵی ١٩٨٥ یان ١٩٨٦وە لە ئۆردووگای ڕومادی پیوەندی گرت بە کۆمەڵەوە. کەسێکی بە بڕوا و هەڵسووراو بوو. لە ناو برا و کەس و کاری خۆیدا کاریگەری باشی دانا بوو. لە هەموو مەراسم و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆمەلەدا بە گەرم و گوڕییەوە هەڵدەسووڕا وبەشداری ئەکرد. نموونەی کەسێکی هەڵسووراو و دڵسۆز بوو. ساڵی ١٩٩٣ یان ١٩٩٤ لە وڵاتی سوید نیشتە جێ بووە. لە دوای جیایی کومونیزمی کرێکاری لە گەل ئەو ڕەوتە کەوت. ئیستە بە داخەوە چەند ساڵێکە ئاگامان لە یەک نییە. ئاخرین جار کە پێوەندیمان پێکەوە گرت چەند ساڵ پێش ئیستە بوو. پێموایە ئەویش ئیستە کاری سیاسی و حیزبی ناکات. دڵسۆزی و ئەرک و ماندوو بوونی ئەم هاوڕێ زەحمەتکێشە لانی کەم لای من بۆ هەتا هەتایە جێگای ڕێزە کە دەیان جار بە بۆنەی کۆمەلەوە لە وەخت و ناوەختدا کەوتوونەتە زەحمەتەوە. لە ژێر کاریگەری و دڵسۆزی کاک غەریبدا بوو کە کاک سەفەری برای کە لە تەمەندا لە ئەو گەورەتر بوو، بۆ ماوەیەک بوو بە لایەنگری کۆمەلە. بە دڵنیاییەوە لە ناو برازاکان و خزمەکانی دیکەیشی کاریگەری باشی هەبوو.
هاوڕێیان ستار (سولتانموراد) شەکەری، هەقموراد و جاجیموراد شەکەری و باقی خانەوادە بەڕێزەکەیان
ئەم هاوڕێیانە کە برای یەکتر بوون لە ئەسڵدا لە بڕی خەلیفەکانی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون کە لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. لە پێشدا کاک ستار لە ساڵی ١٩٨٣، ١٩٨٤ لە گەڵ گوردانی داڵاهۆ پیوەندی ئەگریت و دواتر (١٩٨٥ یان ١٩٨٦) هاتنە ئۆردووگای ڕومادی پیوەندییان لە گەڵ کۆمەڵە گرت. کاک هەقموراد ماوەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی شۆرای پەنابەران بوو. ئەم خانەوادەش یەکێک لە ئەو خانەوادە هەرە زەحـمەتکێشانە و دڵسۆزانەی کۆمەلە بوون کە زۆرترین کاتی خۆیان بۆ خزمەت بە ئامانجەکانی کۆمەڵە تەرخان ئەکرد. ماڵەکانیان هەموو کات پڕ بوو لە کۆر و کۆبوونەوەی ڵایەنگرانی کۆمەڵە. لە هەموو مەراسم و بۆنەکاندا زۆر هەڵسووراو بوون. لە ژێر دەور و کاریگەری ئەوندا بوو کە چەندین کەس لە خزمەکانیان وەک نەوزەری خوشکە زایان، غولامی ئاموزایان و کەسانی تریش بوون بە لایەنگری کۆمەڵە. خانەوادەی شەکەری ساڵی ١٩٩١ یان ١٩٩٢ لە وڵاتی نورویژ پەنابەری وەرئەگرن و ئیستە لە ئەو وڵاتە ئەژین. کاک ستار لە ڕوی فیکرییەوە لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدایە و باقییان ئیستە بێ لایەنن و بە ژیانی خۆیانەوە سەرقاڵن. زەحمەت و دڵسۆزی و لە خۆ بردوویی ئەندامانی ئەم خانەوادە بەڕێزەش بۆ هەمیشە جێگای ڕێزە و نابێت فەرامۆش بکرێت!
هاوڕێ بەهروزی نەزەری، هاوڕێ نەوزەر و هاوڕێ مەرزیەی نەزەری لە گەڵ خانەوادە بەڕێزەکەیان
هاوڕێ بەهروز یەکێک لە هەڵسووڕاوانی بە توانای کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بوو کە هەم لە سەر خانەوادەکەی و هەم لە سەر دەور و بەری خۆی کاریگەری باشی دانا بوو. هاوڕێ بەهروز کەسێکی دیار و جێگە و پێگە دیار بوو لە ناو تایفە و ژینگەکەی خۆیدا. زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانی و ماوەیەکیش وەک وەرگێڕ (مترجم) لە کۆمیتەکاندا کاری کرد بوو. ماوەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی پەنابەران بووە. پێموایە ساڵانێکیش مامۆستا بووە و دەرسی وتووەتەوە. لە ڕووی توانایی سیاسییەوە زۆر ئاگاه بوو. لە ژێر کاریگەری و پێوەندی نزیکی کاک بەهروزەوە بوو کە دواتر هاوڕێیان نەوزەری برای و مەرزیەی خوێشکی بوون بە چالاک و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە. هاوڕێ مەرزیەش ماوەیەک وەک مامۆستایەکی شۆڕشگێڕ دەرسی وتووەتەوە و لە چەندها مەراسمی کۆمەڵە وەک بەڕێوەبەر و وتار خوێن ڕۆڵی گێڕاوە.
کاک نەوزەر چەند ساڵ پێشتر لە خانەوادەکەی، لە یەکێک لە ساڵەکانی نەوەدەکانی زایینیدا لە وڵاتی فینلاند پەنابەری وەر گرت و لە ئەو وڵاتە نیشتە جێ بووە. چەند ساڵ دواتریش باقی خانەوادەکەی دێنە وڵاتی فینلاند و وەک پەنابەر نیشتە جێ ئەبن. کاک نەوزەر و هاوڕێ مەرزیە لە وڵاتی فینلاندیش وەک دوو هەڵسووڕاو لە ڕیزی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران ئەندامن و خەبات ئەکەن. دەور و کاریگەری ئەندامانی ئەم خانەوادە بەڕێزەش لە پەرەپێدانی بیری سوسیالیستی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بەرچاو بووە.
ئیستەش سەرەڕای هندێک جیاوازی بیرکردنەوەمان لە سەر حکا و کۆمەڵە لە گەڵ کاک نەوزەر، بەڵام ئەو و کاک بەهروز، هاوڕێ مەرزیە و باقی خانەوادە بەڕێزەکەیان لە لای من خۆشەویستن و شانازی بە ئەو مێژووە هاوبەشەمانەوە ئەکەم کە پێکەوە تێدا بەشدار بووین! ئەم خانەوادە تێکۆشەرە لە ئەسڵدا خەڵکی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون کە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عێراق ئەبن.
هاوڕێیان کاک نەوزەری مورادی، عەسکەری مورادی، مەنزەر مورادی و باقی خانەوادە بەڕێزەکەیان
ئەم بنەماڵە بەڕێزەش یەکێکی تر لە ئەو دەیان بنەمالانەن کە لە پێناوی پەرەپێدانی ئامانجەکانی کۆمەڵەدا ئەو پەڕی فیداکارییان کردووە. کاک نەوزەر و کاک عەسکەر هەر لە تەمەنی ١٧، ١٨ ساڵانەوە لە سەرەتاکانی ١٩٨٨وە پێوەندییان بە کۆمەڵەوە کرد. لە مەراسم و بۆنەکانی کۆمەڵەدا بە گەرم و گوڕییەوە بەشدارییان کردووە. بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی کۆمەڵە لە هیچ فیداکارییەک کۆتاییان نەکردووە. کاک عەسکەر لە ساڵەکانی دوای نەوەدەکان بە ڕێزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پەیوەست ئەبێت و بۆ ماویەکیش لە دەبیرخانەی کۆمەڵە کاری کردووە. کاریگەرییان لە سەر خانەوادەیان بە جۆرێک بووە کە دادە ئەختەر و داە مەنزەری خویشکیانیش ڕوو لە ئامانج و سیاسەتی کۆمەلە ئەکەن بە شێوەیەک کە هاوڕێ مەنزەر لە چەند مەراسم و بۆنەدا دەوری بەرچاوی هەبووە.
ئیستە کاک نەوزەر لە گەڵ کۆمەڵە – سازمانی حیزبی کومونیستی ئێرانە، بەڵام کاک عەسکەر کە تا هاتنە وڵاتی سوید لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا بوو، ئیستە بێ لایەنە و کاری حیزبی ناکات. ئەم خانەوادە بەڕێزەش لە دوای ڕووخانی ڕژیمی سەدام، لە کەمپی ئەلتاشەوە بەرەو وڵاتی ئوردون دەڕۆن و دوای بینینی ڕەنج و مەینەتێکی زۆر دواتر لە وڵاتی سوید پەنابەری وەرئەگرن و ئەوە ٨ ، ٩ ساڵە لە ئەم وڵاتە ئەژین. زەحمەت و فیداکاری ئەم خانەوادە بەڕێزەش جێگای ڕێز و پێزانینە! ئەم خانەوادە بەڕێزەش لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون و ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عێراق ئەبن.
خانەوادەی بەڕێز خاڵۆ سەلمان سەیفووریش یەکێکی ترن لە ئەو خانەوادە بەڕێزانە کە لایەنگر و دڵسۆزی کۆمەلە بوون. بە تایبەت خاڵۆ سەڵمان خۆی و کوڕ و کچەکان کە لە هەموو مەراسم و بۆنەکانی کۆمەڵەدا بە گەرم وگوڕییەوە بەشداریان کردووە. ئەم خانەوادەش هەر وەک باقی ئەو بنەماڵانە کە هاتنە وڵاتی ئۆردون دواتر لە وڵاتی سوید پەنابەری وەر ئەگرن و ئیستە لە وڵاتی سوید ئەژین. ئیستە تا ئەو جێگەی من بزانم بە شێوەی ئاکتیڤ لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵە نین. دڵسۆزی و زەحمەتەکانی ئەم بنەماڵە بەڕێزەش بۆ هەمیشە جێگای تەقدیر و ڕێز لێنانە! خانەوادەی خاڵۆ سەڵمان لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی قڵاواری سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون و ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عیراق ئەبن.
خانەوادەی کاک عەزیز مەنسووریش یەکێکی تر لە ئەو بنەماڵانەیە کە لە پێناوی سیاسەتەکانی کۆمەڵەدا ئەو پەڕی فیداکارییان کردووە. کاک عەزیز لە هەموو کۆبوونە و مەراسمەکانی کۆمەڵەدا چالاکانە بەشداری ئەکرد. لە سەری خانەوادەکەی کاریگەری باشی دانا بوو. هەر لە ئەو پێوەندییەدا بوو کە کاک سیروانی کوڕێشی بوو بە لایەنگرێکی چالاکی کۆمەڵە. ئەوانیش دوای ئەوەی کە دێنە وڵاتی ئوردون لە وڵاتی سوید پەنابەری وەر ئەگرن و ئیستە لە ئەم وڵاتە ئەژین. ئەم خانەوادەش ئەگەر چی ئیستە لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵەدا نین، بەڵام خۆیان هەر لە بەرەی بیری کۆمەڵر دا دەبینەوە. زەحمەتەکانیان بۆ کۆمەڵە و لە پێناوی ئامانجەکانی کۆمەلەدا لە بیر ناچنەوە و جێگای ڕێزن. خانەوادەی کاک عەزیز لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون کە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عیراق بوون.
خانەوادەی کاک دارا محەمەدی
کاک دارا محەمەدیش یەکێکی تر لە ئەو هاوڕێ هەڵسووڕاو و بە بیر و باوەرانەی کۆمەلە بوو کە ساڵی ١٩٨٨ لە ئۆردووگای ڕومادی پیوەندی بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە کرد. ئەگەر چی زۆر بە داخەوە زۆری پێ نەچوو لە ڕووداوێکدا فەقەراتی تووشی ئازار بوو و توانایی ڕێ کردنی نەما، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە هەر لە سەر بیر و باوەڕی خۆی بەردەوام بوو. لە پیوەندی لە گەڵ زەحمەت و تێکۆشانی کاک دارا بوو کە کاک قوبادی برای بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بوو و چەند ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا درێژەی بە خەبات دا. ئاخرێن سەنگەری پێشمەرگانەی هاوڕێ قوباد لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو.
زۆر بە داخەوە چەند ساڵ پێش کاک قوباد لە گەڵ هاوسەری و منداڵەکەیان و چەند کەسی تر لە خزم و دۆستانیان بە مەبەستی هاتن بۆ وڵاتێکی پەنابەر دەرەوە ڕێگای ئورووپا دەگرنە پێش، بەڵام بەلەمەکەیان لە ئاوەکانی نێوان تورکیە و یونان غەرق ئەبێت و هاوسەر و منداڵەکەی کاک قوباد لە گەڵ چەند کەسی تر لە خزمەکانیدا گیانی ئازیزیان لە پێناوی گەیشتن بە ژیانێکی ئینسانی تر لە دەست ئەدەن. من هەر لە ئێرەوە جارێکی ترسەرەخۆشی خۆم ئاراستەی ئەو بنەماڵە ئازیزە ئەکەم! هەر وەها هیوادارم کە ئیستە تەندرووستی کاک داراش زۆر باشتر بوو بێت! ئەم خانەوادەش کە لە ئەسڵدا خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی دەشتی زەهاون کە سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە لە حاڵی حازردا لە وڵاتی نیوزلەند نیشتە جێن. دیارە کاک قوبادیش دوای ئەو کارەساتە کە بە سەریاندا هات خۆی گەیاندە وڵاتی نیوزلەند. ڕەنج و ئازارەکان، زەحمەت و دڵسۆزییەکانی ئەم بنەماڵە ئازیزەش بۆ هەتاهەتایە لە بیر ناچن! لانی کەم لە لای من لە بیر ناچن!
هاوڕی خانعەزیز نەزەری (یادی بە خێر)
هاوڕی خانعەزیز یەکێکی تر لە ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەی کۆمەلە بوو کە ساڵی ١٩٨٨ لە ڕێگای هاوڕێ میرزا مورادەوە کۆمەلەی ناسی و پێوەندی کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە لە ئۆردووگای ڕومادی. لە زۆربەی کۆبوونەوە و مەراسم و بۆنەکانی کۆمەڵەدا هەڵسووڕاوانە بەشداری ئەکرد. بۆ پەرەپێدانی بیری کۆمەڵە لە ناو خانەوادە و کەسە نزیکەکانی خویدا کۆتایی نە کرد. لە ژێر کاریگەری ئەودا براکانی، کاک عەبدولعەزیز و کاک برومەند بوون بە لایەنگری کۆمەڵە. خانەوادەی هاوڕێ خانعەزیز کە لە ئەسڵدا سەر بە ناوچەی سەرپێڵی زەهاون، ساڵی ٢٠٠٠ زایینی لە وڵاتی ئینگلیس پەنابەری وەر ئەگرن و لە ئەو وڵاتە جێگیر ئەبن. بەڵام داخەکەم مەرگی ناوەخت مەودا بە کاک خانعەزیز نادات تا ماندوویی ساڵانی ئۆردووگای ڕومادی لە جەستەی دەر بچێت، دوای یەکساڵ ژیانی لە وڵاتی ئینگلیس بە هۆی نەخۆشینەوە ماڵئاوایی لە ژیان ئەکات. یادی بەرز و بەڕێز بێت! ئیستە کاک برومەند و پێموایە کاک عەبولعەزیزیش لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدان. ئەم خانەوادە بەڕێزەش بۆ کۆمەڵە و ئامانجەکانی زەحمەتی زۆریان کێشاوە کە جێگای ڕێز و پێزانینە!
لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم و لە بەشەکانی داهاتوودا بەشێکی تر لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەتان لە ئۆردووگای روومادی لە نێوان سالەکانی ١٩٨٥ بە دواوە پێ ئەناسێنم.
عەلی قەنبەری ٢٥ – ٣ -٢٠١٣ زایینی