لە ساڵی ٢٠١٤دا، بە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ئوکراینا، “ڤیکتۆر یانۆڤیچ”ی نزیک لە مۆسکۆ و سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە پۆستەکەی لا درا.
بە دوای ئەودا هێزەکانی لایەنگری ڕۆژاوا دەسەڵاتیان گرتە دەست. ڕێک بە دوای ئەوەدا بوو کە، ڕووسیا هێرشی کردە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا و بە خاکی ڕووسیای لکاند و بوو بە بەشێک لە وڵاتی ڕووسیا. هەر لەو سەردەمدا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئوکراینا لە لووهانسک و دێنێتسک، لایەنگرانی ڕووسیا (ڕووسەکان) ڕژانە سەر شەقامەکان و باسیان لە “کۆماری گەل” دەکرد.
لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ئوکراینا، ڕووسیا، نوێنەرانی “سەربەخۆییخوازان”ی لووهانسک و دێنێتسک، هەروەها ڕێکخراوی پەرەپێدان و هاوکاریی ئەوروپا ڕێککەوتننامەیەک بە ناوی “ڕێککەوتننامەی مینسک”یان واژۆ کرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە دوو لایەن (ئوکراینا و ڕووسیا) نابێت هێزی سوپایی بۆ ئەو ناوچانە [لووهانسک و دێنێتسک] بنێرن، هەروەها دەوڵەتی ئوکراینا ئۆتۆنۆمیی زیاتر بەو ناوچانە بدات، بەڵام کێشەی نوێ و کۆنی ڕووس و ئوکراینی ڕێگەی نەدا ئەو ڕێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرێت.
ئەو دوو “کۆمار”ەی کە پووتین سەربەخۆیی ئەوانی ڕاگەیاند و ڕێککەوتننامەی لەگەڵدا واژۆ کردن، لە دوو پارێزگا (لووهانسک و دێنێتسک) پێک هاتوون، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو کۆمارە سەربەخۆیانەی پووتین تەنیا لە بەشێک لەو دوو پارێزگایەدان، نەک لە تەواوی جوگرافیای پارێزگای لووهانسک و دێنێتسک!؟
پانتاییی جوگرافیای ئەو دوو پارێزگایە کە بە ناوچەی “دۆنباس” باسیان لێوە دەکرێت، زیاتر لە ٥٢ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. لەو ٥٢ هەزار کیلۆمەترە چوارگۆشەیەدا، تەنیا ٨ هەزار و ٩٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حکوومەتۆکەی (لووهانسک و دێنێتسک)دان. ژمارەی دانیشتووانی ئەو دوو پارێزگایە لەسەر یەک نزیک بە ٦ ملیۆن کەسن و، زیاتر لە ٣ ملیۆن لەو ٦ ملیۆنە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمارەکانی گەلی پووتیندا دەژین! هەر لە ٢٠١٥ەوە ڕووسیا ٨٠٠ هەزار پەسپۆرتی ڕووسی بە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە داوە.
جیا لەو کێشانە، پووتین داوای لە ناتۆ کردووە کە نابێ ئوکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، چونکە ئەمە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا.
بەڵام ئەوەی کە زۆرتر پووتین هان دەدات کە دژ بە ئوکراینا بوەستێتەوە، ئەو هزرە کۆنەیە کە پووتین باسی لێوە دەکات. سەرۆککۆماری ڕووسیا دەڵێت: دەوڵەتی نوێی ئوکراینا بەرهەمی شۆڕشی ئوکتۆبەر و هزری لێنین بووە و، ئەمەیش بەشێکە لە مێژووی ئێمە.
لە ٢٠١٤ کە ڕووسیا کریمیای داگیر کرد، پووتین گوتی ئەوانە ڕووسن و کریمیای بە خاکی ڕووسیاوە لکاند. ئێستایش هەمان سیناریۆ بۆ لووهانسک و دێنێتسک هاتۆتەوە گۆڕێ و دەڵێت دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ڕووسن و دەبێ سەربەخۆ بن. بێ شک ئەمەیان ڕواڵەتی پرسێکی بچووکە، چونکە ئەم جارەیان پووتین پلان و هزرێکی گەورەتر لە جوگرافیای دوو پارێزگایە بچووکەی بە دەستەوەیە بۆ ئوکراینا و بە تەواوی زەینی داگیر کردووە!
ئایا پووتین بە سەربەخۆییی ئەو دوو کۆمارە لە دوو بەشی بچووکی ئەو دوو پارێزگایە لووهانسک و دێنێتسک ڕازی دەبێت؟ ئایا پلانی داگیرکردنی ئوکراینای هەیە و یان ئەوەتا بە ڕێگەی ئەو شەڕەی کە لەو وڵاتەدا بەرپای کردووە، ژێرخانی هێزی ڕەقی تێک دەشکێنێت و لە ئاکامدا حکوومەتێکی کەویکراوی سەر بە کرێملین بۆ ئوکراینییەکان دادەمەزرێنێت؟
وێنەی ژێرەوە، ئافتون بلادێت
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر