ڕۆژی شەممە یازدەی پووشپەر( ٢/٧/٢٠٢٢) پاش ٩٧ ساڵ سهکۆی ژیان و شانۆ بە بێ پیتر برووک به بهتاڵی مانەوە! ئەو ڕۆژی نەورۆز (٢١/٣) ساڵی ١٩٢٥ لە شاری لەندەن لە دایکبوو .
ئاگۆستۆ بوال ساڵی ٢٠٠٩ سەری نایەوە و لە ١٦ی خاکەلێوە ساڵی ١٩٣١ لە ڕیودێژانیرۆ – برازیل بوو بە میوانی سهر گۆی زهوی. برووک و بوال له پاریس گیرسانهوه. ئۆژینۆ باربا مناڵی پاییز(٢٩ی ئۆکتۆبری ١٩٣٦ئیتالیا) بوو، لە دانمارک گیرساوەتەوە و ٨٣ پاییزی تێپهڕاندووه. نووسهری ئهم دێڕانه نه بههاریی یه و نه پاییزیی، هاوینی یه و له ژێر چارداخی شانۆ چیرۆکی بههاریی و پاییزیی دهگێرێتهوه.
Peter Brook
پیتر برووک له دایک و باوکهوه، نه بریتانی و نه فهڕانسی، ڕووسی یە. دایک و باوکی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ هەڵاتن بۆ بریتانیا. برووک له تهمهنی ههژدا ساڵانهوه سهر و خواری کرد ههتا سهکۆی خۆی دیتهوه. ساڵی ١٩٧٠ لەندەنی بهیهکجاری بەرەو پاریس بەجێهێشت. دوا سەفەری بەرهو فستیوالی روهر لە شاری ڕێکلینگ هاوزنی ئاڵمان، بهر له بڵاونوونهوهی کڕۆنا، بۆ پێشکهشکردنی شانۆنامەی “بەندکراو” بو.
برووک ههشتا ساڵ له ژیانی به کردنەوەی “بەندەکانی” ناو شانۆ تێپهڕی. ئەو بە شانۆی “دوکتور فاوست”ی گوێتە دەستی پێکرد، ڕووی کردە شێکسپیر، خۆی و شانۆی پیتر برووکی لە شانۆی “بەتاڵ”، شانۆی “چۆڵ”ی پڕ له نواندن و نواندنی لەش و نواندنی شانۆگێڕدا دیتەوە. پیتر برووک زمانێکی نوێی به شانۆ بهخشی، زمانی “Orghast”.
“ئۆرگاست” بە پشت بەستن بە ئەفسانەی “پرۆمەتە”ی یۆنان، ساڵی ١٩٧١ لە جەژنی هونەری شیراز وەک تاقیکردنەوە بە بەشداری شانۆگێڕانی ئاسیا، ئوروپا، ئافریقا، ئامریکا کە ههر کام زمان و کەلتور و تێگهیشتنی جیاوازیان ههبوو، پێشکەش کرا. مەبەست خوڵقاندنی تێگەیشتنێکی نوێ لە مرۆڤ، لە شانۆ، لە زمان، لە پێوەندی نێوان مرۆڤ، لە دانوستاندن و کۆمۆنیکاسیۆن و مەبەست گەڕانەوە بۆ تاکی مرۆڤ لە سەر سەکۆی شانۆ، دوور لە هەر چەشنە کەرەسەیەکی سەر سەکۆ بو. ئەوەی ئایا ئەوە تێگەیشتنێکی کۆنی فەلسەفی لە هیند، چین و یۆنان بووە بۆ ئەوەی هەموو ڕەنگەکانی مرۆڤ و تێگەیشتنەکان لە یەک نزیک کرێتەوە، نازاندرێ، بەڵام ئەسکەندەری مەقدوونی (323-336 پ – م) کاتی لەشکرکێشی بۆ وڵاتی ماد و پارس، میسر و هیندوستان حەولی ئەوەی دا لە خەڵکانی یۆنان و ماد و پارس و ئەوانی دی سیمایەکی نوێ ساز بکات. پیتر برووک له پرسپۆلیس ئەو بیرۆکەیەی له سهر سهکۆی شانۆ جێبەجێ کرد، ئهو پهیکهر و زمان و تێگەیشتنی هاوبهشی به بهشداری مرۆڤی جیاواز لە سەر سەکۆ نواند. یەک لەو شانۆگێڕانە له پاڵ شانۆکارانی نهتهوهکانی تر “نەوزەر ئازادی” شانۆگێڕی کورد بو.
برووک ساڵی ۱۹٦۲ دەستی بە پرۆژەی “شانۆی بەتاڵ” کرد. شانۆیەک بە بێ هەر چەشنە کەرەسە، دیکۆر، ئاکسسوار و ئێفێکت. شانۆ بە بێ ئۆبیەکت، بەڵام پڕ لە شانۆگێڕ، پڕ لە نواندنی لەش و جەستە، لەش وەک زمان لە پاڵ زمانی گوتن. جەستە لە شانۆی برووک-دا جەستەیەکی بێ ئیرادەی شانۆگێڕ نییە و بە بێ ئاگایی شانۆگێڕ ناجولێتەوە. سەیرکردنی کارەکانی برووک ئەوە دەردەخەن کە جەستە کاراکتێر و کەسایەتی دەردەخات. پیتر برووک لە ئەفسانەی کۆنی هیند MAHABHARATA کەسایەتی و فیگورەکان دەردەخات و بینەر چ لە ناوهۆڵی شانۆ و چ لە سینەما هەست بەوە دەکات کە جەستە دەور بۆ تێگەیشتن دەگێڕێت.
Body Language زمانی جەستە، زمانی ئاسایی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکەیە و بە شێوەی خۆڕسک و نائیرادی ڕەنگدانەوەی هەست و تێگەیشتن و حاڵ و وەزعی مرۆڤە لە چرکەساتەکاندا کە زۆر خێراتر لە زمانی گوتن دەردەکەوێ. بڕێشت، برووک، مارسڵ مارسۆ، کارلۆس مارتینز ئەم پرۆسەیە لە نائیرادییەوە دەگوازنەوە بۆ ئیرادی، واتە شانۆگێڕ وەک چۆن بە ویست و خواست زمانی گوتن پاش بیرلێکردنەوە بەکار دەهێنێ، بە هەمان شێوە لەشی لە شانۆدا وەک زمانی شانۆ بەکار دەهێنێ، کارێکی چەتوون بۆ شانۆگێڕ. لە شانۆنامەی “Orghast” شانۆگێڕانی نۆ وڵات خۆیان لە سەر سەکۆیەکی چۆڵ دەدیتەوە. پێتر برووک سەلماندی کە ئیشی شانۆگێر گەلێک لە کاری کرێکارانی کان و مەعدەن کە لە ناو قووڵایی کێوەکان کار دەکەن، دژوارترە.
پیتر برووک دەستی بۆ کارێک برد کە فەیلەسووف و دەروونناسەکان لێیدەگەڕان، ئەویش پەیداکردنی نهێنییەکانی ناو مرۆڤ بوو، برووک دەویست نەو نەهێنییە نەزاندراوانە بێنێتە سەر سەکۆی چۆڵی شانۆ. ئەو دەویست سوبیەکت لە ڕێگای ئۆبیەکتەوە بێتە ڕوو، بێتە دەرکەوتن و بێتە نیشاندان. برووک چ خۆی ویستبێتی یان نا، قووڵایی فەلسەفەی گەڕاندەوە بۆ ناو شانۆ، هەروەک چۆن شانۆ لە سەر دەستی فەیلەسووفانەوە دامەزرا. برووک لە ڕێگای شانۆی چۆڵ و بەتاڵەوە هەر دوو لایەنی فەلسەفی ئۆبیەکت و سوبیەکتی لە یەک گرێ دا. ئەو لە سەر شانۆ “مژار، بابەت”ی گەراندەوە ناو لەش و جەستەی مرۆڤ. هەر بۆیە لە شانۆنامەی “Orghast” برووک دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان، دەگەڕێتەوە بۆ پرۆمەتە، دەگەڕێتەوە بۆ لانکەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕۆژئاوا. وەک دەگوترێ برووک بە شوێن شاراوەکانی مرۆڤەوە بوو، ئەوەش کاکڵی سەرەکی شانۆی برووک بوو کە لەو ڕێگایەوە دەیویست لە شاراوەکان نزیک بێتەوە.
پیتربرووک لە ڕێگای شانۆی بەتاڵەوە بۆشاییەکی لە شانۆدا پڕکردەوە کە کەمتر بیری لێ کرابووە، ئەو دەروونی مرۆڤ و شاڕاوەکانی گواستەوە بۆ سەر سەکۆی شانۆ. ئەوەی شانۆگێر چەندە و چۆن لێهاتوویی خۆی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانە بگوێزێتەوە سەر جەستەی و سەر سەکۆی شانۆ، ئەو پرسیارەیە کە شانۆگێڕ تەنیا و تەنیا وەرگێڕ نییە کە مانا و ماناکان بگوازێتەوە بۆ سەر جەستەی و سەر سەکۆ، ئەو تەنیا دەورگێر و نواندنپیشە لە فۆڕم و ئێستیل و دەرخستنی ڕووکەشی ماناکاندا نییە. دهرخستنی سوبیەکت له ئۆبیەکتدا جولەی مکانیکی ڕووکەش نییه و شانۆ تەنیا له فۆڕم و نیشاندانی فۆڕمدا کۆ ناکرێتەوە.
دۆزینەوەی لایەنە شاراوه و پڕ لە ڕەمزم و ڕازەکانی مرۆڤ و دهرخستنی لە جهستهدا له سەر سەکۆی شانۆ بەرانبەر به بینهر، هونهری پیتر برووک دهردهخات. خۆ گەیاندنە دەروونی مرۆڤ و هێنانە ڕووی لە ڕێگای جەستەو له تئۆرییهوه ههتا جێبهجێ کردن، پرۆسهیهکی نوێ بوو لە شانۆ و بۆ شانۆ. شاعیر، نووسەر، ڕۆماننووس، دڕامانووس بیرو هزر و هونەری خۆیان بەکار دههێنن بۆ ئەوەی لایەنی دەروونی مرۆڤ لە وشەدا دەرخەن، پیتر برووک جەستە دهکاته زمانی دهربڕین. ئهو و گرووپهکهی ماوەی سێ ساڵ تۆژینهوهیان له سهر پهیداکردنی وڵامی ئهم پرسیاره کرد، که چۆن دهکرێ جهسته له شانۆدا ببێته زمانی پێوهندی و کۆمۆنیکاسیۆن، دوور له بهکارهێنانی کهرهسهکانی بهدهر له جهسته؟
برووک ساڵی 1970 ناوەندی جیهانی توێژینهوهی شانۆی لە پاریس دامهزراند. ( Centre International de Recherches Théâtrales (C. I. R. T . ئەو بۆ گهیشتن به ئامانج و قووڵبوونهوه له شانۆ و مرۆڤ ، بهرهو وڵاتانی تر به تایبهت هیندوستان کهوته ڕێ و دواتر خۆی لە وڵاتانی ئەفریقا و شوێنی تر دیتەوە.
پیتر برووک بە دوکتوری سیحربازی شانۆ ناوی دەرکردبو. “پیتر ستێفان پاول برووک” لە ساڵی ۱۹۷٤ەوە به بهردهوامی لە شاری پاریس نیشتەجێ بوو، بە وتەی زۆر لە شارەزایانی شانۆ ئەو بەر لە سەردەمی خۆی دەژیا و بیری دەکردەوە. برووک لە سەر زەوی و لە سەر سەکۆی شانۆ و لە ناو خەڵک و لە ناو فەرهەنگ و ڕێوڕەسمی ژیان و شانۆی میللەتاندا دەژیا و فستیوالی ئاوینیۆن یەک لە ڕەنگدانەوەکانی ژیانی ئەو بو. برووک لە لەندەن لە دایک بوو، لە پاریس دەژییا و ماڵی لە ناو شانۆکانی سەر گۆی زەوی بو.
ئاگۆستۆ بوال Augusto Boal
لە ڕێگای شاگردێکی کە تازە لە فەڕانسە گەڕابووە و لای ئێمە ( شیرکەتی فیلم و نمایش) ساڵی ١٩٨٠ لە تاران کاری دەکرد، پاش بەشداری لە دەورەیەکی ٦ مانگە لە تەک مێتۆدەکانی بوال و شانۆی چەوساوەکان ئاشنا بووم و کەمتر دەرفەت ڕەخسا بۆ تاقیکردنەوەیان. دواتر لە سەر شاخەکانی کوردستان بە بەشداری پێشمەرگەی باشوور و ڕۆژهەڵات ساڵی ١٩٨٢ و ٨٣ کۆمەڵێک تاقیکردنەوەمان ئەنجام دا. ساڵی ٢٠٠٣ لە ناوەندی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان سەرپەرشتی ورکشاپەکانی ئاگۆستۆ بوال لە شارەکانی ئاڵمان بە من سپێردرا و ماوەیەک بەیەکەوە بووین.
ئاگۆستۆ بوال کێیە؟
لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوە ساڵی ۱۹۳۱ لە ریودژانیرۆ لە برازیل لە دایک بو. خولیای بڕێشت و ستانسلاوسکی بوو کە دوو سیستەمی زۆر جیاواز لە یەکیان پێکهێنابوو، ستانسیلاوسکی شانۆگیریی بەرەو ئانالیزی پرسۆناژ و هەستی قووڵ دەکێشا و دهبوو لە دەوری خۆیدا ژیابا و بینەر باوەڕی بە ڕاستی ڕووداو لە سەر سەکۆ هێنابا، بەپێچەوانە بڕێشت پێیوابوو شانۆگێڕ لە هەمان کات کە کەسایەتی خۆی دەپارێزی، دەور دەگێڕێ و بینەر دەبێ بزانێ ئەوەی کە لە سەر سەکۆ دەیبینێ شانۆ و دەورگێڕانە و دەبێ مابەینی ژیان و شانۆ بپارێزرێ و بینەر و شانۆگێڕ هەر دوولا دەبێ لایان ڕوون بێ کە ئەوەی ڕوو دەدا نمایش و شانۆیە.
بوال پێیوابوو لە ڕێگای شانۆوە گەرەکە چۆنیەتی ژیان بەرەو باشی بگۆڕدرێ و لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگا دێمۆکراتیزە بکردرێ. بوال شانۆی برده ئەو شوێنەی خەڵکی لێبوو، ئەو شانۆی بەرەو چەوساوەکان و چەوسێندراوەکان برد و ئەوان بەشدار کران لە دەربرێنی بیرو ڕا، بۆ وێنە لە شانۆی “شۆڕایی” شانۆگێڕ و بینەر دهکهونه دانووستاندنی هاوبهش. بوال هەم هۆڵی شانۆی بەجێ هێشت هەم سەکۆی نێوان شانۆگێڕ و بینەر وهک خۆی نهما. لە شانۆی “نادیار” شانۆگێڕ لە هەر شوێن و هەموو شوێن گرفت و مەسەلەکانی ناو کۆمەڵگا باس دەکات بە بێ ئەوەی بینەر هەست بە شانۆگێڕیی بکات. هەر ئەوان لە ڕێگای “شانۆی نادیارەوە” لە ناو خەڵک گفتوگۆ پێکدەهێنن. لە ڕێگای” شانۆی پەیکەر”ەوە، ڕووداو و مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چەشنی وێنە لە ڕێگای لەشەوە نیشان دەدرێ.
ئاگۆستۆ بوال وەک زۆر کەسی تر ڕاستەوخۆ شانۆی نهخوێند، ئەو لە بواری شیمی( کیمیا) له ئامریکا دەیخوند و دواتر بەرەو شانۆ کێشرا. ساڵی ۱۹٦٠ لە سان پائۆلۆ سیستەمی “شانۆی چەوساوەکان”ی داڕشت و لە هەموو ئامریکای لاتین برەوی پەیدا کرد.
پاش ماوەیەک زیندانی کێشان هەتا ساڵی ۱٩۷٦ لە بۆینس ئایرس دەژیا. پاش دوو ساڵ کاری پرۆفسۆری لە لیزابۆن، ساڵی ۱۹۷۸ لە پاریس نیشتەجێ بوو، لە پاڵ دەرس گوتنەوە و بەڕێوەبردنی ورکشاپ لە زۆربەی وڵاتانی ئووروپا، مێتۆدەکانی بوال و شانۆی چەوساوەکان، هاوکات لە گەڵ پەرەساندنی “شانۆپێداگۆگی” پەرەی پێدرا. بوال لە درێژەدا سیستەم و مێتۆدگەلی “پرۆسپێکتیڤ و ئینسپرۆسپەکتیڤ”ی پێکهێنا کە لە بواری پێداگۆگی و شانۆپێداگۆگی بەکار دەهێندرێن.
ئاگۆستۆ بوال مرۆڤێکی سیاسی بوو، بیرمەندێک کە لە ڕێگای شانۆوە لە وڵاتەکەی خۆی و ئووروپا گۆڕانی پێک هێنا، لە هەر شوێنێکی ئووروپا مێتۆدەکانی بۆ دەنگهەڵبڕین و ڕۆشەنگەریی بەکار دەهێندران، ئەم شێوە لە شانۆ کە ناوکەی بەخۆیەوەیە بە تەنیا شانۆی چەوساوەکان نەبوو، ئەمڕۆ لە پزیشکی، لە خوێندنگە، لە زانستگا، لە شوێنی کار، لە ناو بوس و تراموا، لە سەر شەقام و مەیدانەکانی ناو شار و دێ و تەنانەت لە سیاسەتدا بەکار دەهێندرێن. ڕۆشەنگەرییەکانی شانۆی بوال لە ئووروپا و برازیل و ئەمریکای لاتین لە ڕێگای دەیان گرووپی شانۆوە، هەر وەک خۆی هیوای دەخواست دەوری لە گؤرانی سیاسی کۆمەڵایەتی و دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا گێڕا. ئەو تاقیکردنەوانەی کە بوال لە شانۆی سیاسی بە چەشنی خۆی کردی، دەوری شانۆی لە سەردەمی فاشیسم لە ئووروپا وەبیر دەهێنایەوە کە شانۆ هەم لە بەرەکانی شەڕ و هەم شار و گوندەکان، دەوری دژی فاشیسمی دەگێڕا. شانۆی بڕێشت، پیسکاتۆر و شانۆی ئووروپا بە گشتی وەبیر هێنانەوەی تێکەڵبوونی شانۆ لە گەڵ خەڵک و شارستانیەت بو. سەکۆی شانۆ ئەو کاتە ئازاد بوو، کە وڵات و خەڵک ئازاد بوون.
ئەوەش دەبێ ڕوون بێ سەردەمی دیکتاتۆری برازیل و ئەمریکای لاتین و ئووروپا وەک یەک نەبوون و کارتێکردنی تەکنیک و مێتۆدەکانی بوال لە وڵاتەکەی خۆی و ئووروپا جیاواز بوون و بەکارهێنان و مەبەستەکانیش جیاواز بوون، بەڵام مێتۆدەکان هەم ئەو کات و هەم ئێستا بەکاردەهێندرێن و یارمەتیدەری بەرینکردنەوەی مەیدانی شانۆ و شانۆگێڕ و بینەرە. ئەو دەوری بینەری لە حاڵەتی تەنیا بینەربوون دەرهێنا و بوو بە بەشێکی بەشدار لە کاری شانۆ. بینەری شانۆ ئیتر بینەر و ئۆبیەکتی سەیرچی نەبو. سەکۆی شانۆ بە تەنیا ناو هۆڵەکان نەبوو کە بەردەوام باس لە ڕابووردو و درامای ڕابوردوو بکات، بەڵکوو باسی ئێستا و داهاتوو جێگای بەرچاویان پەیداکرد و شانۆ گرێدرا بە کات و زەمانی ئێستا و سبەی، ئێستا کە گرنگترین کاتی ژیانی هەر زیندەوەرەێکە.
بوال بە پێی تاقیکردنەوەی خۆی پێیوابوو مێکانیزمەکانی چەوساندنەوە لە ئاڵمان هێندە چروپڕ و پێچەڵەوپووچن ناکرێ لە ڕێگای شانۆی نادیارەوە قووڵایی چەوساندنەوە و مێتۆدەکانی بخرێتە ڕوو. بوال دەبوو ئەو بۆچوونەی لە سەر شانۆی پەیکەریش بدابایە، لەبەر ئەوەی زەحمەتە لە ڕێگای کۆمەڵێک وێنە و فیگوریی پەیکەرەوە، قوولایی بابەتەکانی مەسەلەیەکی ئاڵۆز کە دەبێ کاری دڕاماتوگی لە پشت بێ، دەربخرێ. هەر وەها ئەو ئیمکانەی کە دڕاما و دڕاماتورگی بۆ ئانالیزی قووڵ و بەربڵاوەی دیاردەکان دەیداتە دەست، شانۆی بوال بە هەموو شێوە و وفۆرمەکانیەوە، ناتوانێ ئەو کارە بکات، بەڵام مێتۆدەکانی بوال بۆ باسی مەسەلەکانی ناو خەڵک و کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە هەر شوێن و لە گەڵ هەر کەس دەگونجێ، ئەو مەبەست و ئاڕمانجە لە ڕێگای مێتۆدەکانی بوال و سیستەمی شانۆپێداگۆگی یەوە دەپێکرێ.
بوال لە ئووروپا و بە تایبەت فەڕانسە لە گەڵ باس و خواس و مەسەلەی تر ڕووبەڕوو بوو، هەر بۆیە گۆڕان بە سەر بیر وبۆچوونی دا هات کە لە کتێبەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە بۆ وێنە لە کتێبی Der Polizist im Kopf (Englisch: Cop in the Head) پۆلیس لە ناو مێشکدا، کە ڕەنگدانەوەی دەروونی سیستەمی سەرمایەدارییە لە ناو مێشکی مرۆڤ. هەرچۆنێک بێت سیستەم و مێتۆد و تێگەیشتنی بوال ڕەنگدانەوەی سەردەم و مرۆڤی سەردەم بوو، بە تایبەت لە ڕۆژئاوا.
نووسەری ئەم دێڕانە کە لە دەیەی هەشتا لە گەڵ مێتۆدەکانی بوال ئاشنا ببوو، لە دەیەی نەوەدەوە لە ڕێگای گۆڤاری ئاوێنەوە کە لە تاران چاپ دەکرا، کار و مێتۆد و سیستەمی بوالی بە زمانی کوردی ناساندووە. بوال ساڵی ۱۹۸٦ گەڕایەوە برازیل و ناوبەنا سەردانی ئووروپای دەکرد و تەمەنی لە ٧٢ ساڵ تێپەڕببوو، بەڵام ساڵی ۲٠٠۳ لە سەر داوای ئێمە لە “ناوندی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان” لە کۆمەڵێک ورکشاپ لە ژێر سەرپەرەستی نووسەری ئەم دێڕانە بەشداری کرد. هەر ئەو ساڵە د. قوتبەدین سادقی بۆ بەڕێوەبردنی چەند ورکشاپ بانگ کرا و ناوی لە پرۆگرامی ساڵانەدا هات، کە هاوکات بوو لە گەڵ فستیواڵی جیهانی شانۆی منداڵان لە شاری لینگن، بەڵام هاتنیان سەری نەگرت. هەر لەم پێوەندییەدا بۆ ئەوەی پەرە بە فەرهەنگی شانۆ لە کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەت باشوور بدرێ، ناوی باشووری کوردستان خرایە پاڵ ناوی ئەو وڵاتانەی بڕیار بوو پڕۆژەی شانۆپێداگۆگی بۆ پەروەردەکردنی شانۆپێداگۆگ تێیاندا بەڕێوە ببردرێ. پرۆژەکە ئەوە بوو کە بۆ ماوی دووساڵ فێرکار و پرۆفیسۆرەکانی شانۆ و شانۆپێداگۆگی بێنە کوردستان و لە کۆتاییدا خوێندکاران بۆ ماوەی سێ مانگ بێنە ئاڵمان و بڕوانامەی شانۆپێداگۆگ وەگرن، بۆ ئەوەی بڕەو بە شانۆ و شانۆپێداگۆگی لە خوێندنگەکان بدرێ. بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە لە گەڵ حکوومەتی هەریم، وەزیری خوێندنی باڵا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەرپرسانی زانستگاکان قسە کرا، کە هیچ ئاکامێکی لێ نەکەوتەوە.
Eugenio Barba ئۆژینۆ باربا
لە ساڵی ۱۹۳٦ لە ئیتالیا لە دایک بوو، باوکی ئەفسەری سپا بوو، ئەویش وەشوێن خوێندنی نیزامی کەوت ، بەڵام هەڵگەڕاوە و نەیویست ببێتە کۆپی باوکی، چوو بۆ نۆڕوێژ و لەوێ ئەدەبیاتی فەڕانسە و نۆروێژی خویند و چوو بۆ لەهستان و خۆی لە لای گرۆتۆسکی دیتەوە. پاش چەند ساڵ بەرەو هیندۆستان وەڕێکەوت بۆ فێربوونی شانۆی کاتاکالی Kathakali (دڕاما سەمای هیندی) کە لە ڕۆژئاوا نەناسراو بو. پاش گەڕانەوە بۆ ئورووپا لە سەر ئەم شێوە لە شانۆیە چەند بابەتێکی نووسی کە بە خێرایی لە ئیتالیا، فەڕانسە، دانمارک و ئامریکا بڵاو کرایەوە.
یەکەم کتێبی لە سەر گرۆتۆسکی و شانۆی گرۆتۆسکی ساڵی ۱۹٦٥ لە ئیتالیا و مەجارستان بڵاو کرایەوە.
باربا ساڵی ۱۹٦٤ گەڕاوە نۆڕوێژ و لە بەر بیانی بوونی بۆی نەکرا وەک دەرهێنەر کار بکات، کۆمەڵێک کەسی خولیای شانۆ کە لە زانستگا وەرنەگیرابوون لە دەوری خۆی کۆکردنەوە و “ئۆدین تئاتر”یان دامەزراند کە دواتر ناوەندەکەیان بۆ دانمارک گواستەوە و “شانۆی باربا و ئۆدین” هێدی هێدی پەرەی ساند و لە ئووروپا دەنگی دایەوە و دەیان شانۆنامە کە هێندێک لەوان دوو ساڵ کاری بەردەوامی لە پشت بوو لە دانمارک و وڵاتەکانی تری ئووروپا پێشکەش کران، شانۆگەلێک کە تێکچڕژانێک بوون لە مێتۆدی گرۆتۆسکی، کاتاکالی و شانۆی ئەزموونگەریی و هەروەها تێکچرژانی فەرهەنگی هەمە ڕەنگ و مرۆڤی هەمە کولتوور.
لە ۱۹۷٤ بەو لاوە باربا و ئۆدین تئاتر فۆرم و کۆنسێپتی خۆیان دیتەوە و وەک ئۆدین تئاتر مۆری شانۆیی خۆیان پەیدا کرد، شانۆی هەمە چەشن و هەمە کولتور کە شانۆگێری سەر بە کولتووری جیاواز تێدا بەشدار دەبوون و هەر لێرەو باربا بە پیتربرووک و فستیوالی ئاوینیۆنی فەڕانسە، فستیوالی فرە ئایین و فرە ترادیسیۆن و فرە ریتوالی ئاڵمان و ناوەندی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان، شانۆپێداگۆگی، شانۆی ئاگۆستۆ بوال و زۆرێک لە ناوەندەکانی شانۆ و زانستگا گرێدەدرێ.
ساڵی ۱۹۷۹ فێرگەی ناونەتەوەی ISTA ئانترۆپۆلۆگی شانۆی دامەزراند. ئەوە هەر لەو سەردەمەدایە کە شانۆپێداگۆگی لە ئووروپا پەرە دەستێنێ، فۆڕمێک لە شانۆ کە لە هۆڵی داخراوەوە بەرەو شوینی ژیانی مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی باربا و ئۆدین تئاتر لەو ساڵانە لە دانمارک شانۆیەک بوو کە بە بیانووی زاوزێی مەلەکەی ئەو وڵاتە لە ناو گەمییەکدا پێشکەش کرا. شانۆکە باسی ژنێکی دووگیان بوو، کە لە کاتی ژانی زاوزێ بە تەنیا دەمێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە مەلەکەی وڵات ڕێک لەو کاتەدا لە باشترین ئیمکان بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەی بەهرەمەند بو. پەیامی ئەم شانۆیە ئەوە بوو کە خەڵکی ئاسایی و ئەوانەی لە سەرووی کۆمەڵگان وەک یەک مامەڵەیان لە گەڵدا ناکرێ. من بۆ یەکەمجار ساڵانی نەود لە شارەکانی کۆڵن و مونستر لە ڕێگای ورکشاپەکانییەوە لە گەڵی ڕووبەڕوو بووم.
پێتر برووک، ئۆژینۆ باربا، ئاگۆستۆ بوال سێ لە کۆمەڵێک شانۆکار بوون کە هاوکات لە گەڵ کەسانی تر لە ناو ئەدەبیات، فەلسەفە، هونەر بەگشتی سەدەی بیستیان لە بواری خویاندا کردە سەدەیەکی پڕ لە گۆڕانی ئەرێنی، ئەوەش پاش دوو شەڕی وێرانکەر کە هەر کیان لە ئورووپا هەڵگیرسێندران، ئووروپا کە لە فەلسەفە، زانست و سەنعەت و تەکنیک و بوارەکانی تر دستی باڵای هەبو. بە مردنی پیتر برووک سەکۆی شانۆ کەسێکی گرنگی لە دەست دا. لەم کورتە بابەتەدا جێگای باسکردن لە مارسڵ مارسۆ، کارلۆس مارتینز، گرۆتسکی، ستانسلاوسکی و کەسانی تر چۆڵ مایەوە.
برایم فەڕشی
٢٦/٧/٢٠٢٢