"an independent online kurdish website

بەشی ١- ئایا کورد جیابوونەوەخوازە یان «تجزیە طلب»؟

گرینگیی زمان و خاک وەک ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕوانگەی پسپۆڕی دیاردەی نەتەوە و ناسیۆنالیزمەوە.

بەرەی کوردایەتی و بەرەی ناکوردایەتی

وشەی تەجزیە تەلەب لە وشەی «سێپڕەتیست»ی ئینگلیسی بە مانای جیابوونەوەخواز وەرگیراوە. کاتێک مێدیا و سیاسەتمەدارو شرۆڤەکاری ئێرانیی مۆدێڕن چ حوکوومەتی ڕەزا شای پەهلەوەی، حەمە ڕەزا شای کوڕی، جومهووری ئیسلامی یان ئۆپۆزیسۆنی هەرکام لە حوکوومەتەکانی پێشو و ئێستا باسی گەلانی غەیری ئێرانی دەکەن لە جیاتی تەجزیە تەلەب لە وشەی «جدایی طلب»بە مانای جیابوونەوە خواز یان «استقلال طلب» بە مانای سەربەخۆییخواز کەڵک وەردەگرن، هەرگیز لێیان نابیستی بە کشمیری و ئیسکاتلەندی و کێبێکی کانادا و کاتاڵۆنی ئیسپانیا بڵێن تەجزیە تەڵەبانی فڵانە شوێن. بەڵام بە خاتو زارای محەمەدی کە خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکیی فێری منداڵی کورد دەکرد یان بەڕێز وریا غەفووری کە کوردستانی لە بری «زەممە» بە واو نووسیوە، یان میلیۆنەها کوردی گوندی و شاریی هاوسۆزی حیزبی دێمۆکڕات و پێشەوا و قاسملو دەڵێن «تجزیە طلب»

 چەمکی «تجزیە طلب» بە زمانی ئینگلیسی کە زمانی دیپلۆماتیکی جیهانی و حوکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشە بێمانا و ئەحمەقانەیە و دیپلۆمات و ڕووناکبیری ئێرانیش لە دەرەوەی ئێران ناچارن بە جیابوونەوە خواز یان سەربەخۆیی خواز ناومان بەرن. سیاسەتمەدارانی پاوانخوازی ئێرانی چەمکی نایاسایی و بێمانای «تجزیە طلب»یان کردوە بە یاسایەکی ناوخۆیی لە بەرامبەر یاسای نێونەتەوەیی مافی چارەی خۆنووسینندا و بە شێوەیەکی بەربڵاو خستویانەتە سەر زمانان و بۆ دەیان ساڵ وەک تۆقی لەحنەت لە ملی کورد و ئێستاش تورک و عەرەب و بەلووچ و باقیان کردوە و کردویانە بە ڕەمزی نیشتمانپەروەریی ئێرانی و هێڵی سووری میلیۆنەها فارس لە بەرامبەر مافخوازیی کەمایەتیەکاندا.

جیابوونەوەخوازی چ بە شێوەی ئوتۆنۆمی و چ بە شێوەی فیدڕالیزم و چ بە شێوەی سەربەخۆیی یاساییە، بەو مانایە کە یاسای نێو نەتەوەیی ئیزنی جیابوونەوەی بە هەرکام لەو شێوانە داوە و حوکومەتی ئێرانیش وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان واژۆی کردوە. تایبەتمەندیی گرینگی مافی چارەی خۆنووسین لە یاسای نێونەتەوەییدا کە پێویستە گشت کوردێک بیزانێت:

دو چەشنە یاسای نێو نەتەوەیی:

١- یاسای «یوس کۆگنێس ڕووڵ» یان یاسای ئیجباری.

٢- یاسای « جاس دیسپۆزیتم» یان یاسای ئیختیاری.

 یاسای ئیجباری بەو دەستە یاسایانە دەگوترێت کە گەردوونی و نەگۆڕ و «لازم الاجرا»ن و گشت حوکوومەتەکان مەجبوورن پابەندیان ببن.

یاسای ئیختیاری ئەو یاسایانەن کە حوکوومەتەکان بۆیان هەیە بە پێی فەرهەنگ و داب و نەریت و ئایین و بارودۆخی خۆیان بیگۆڕن.  یاسای مافی چارەی خۆنووسین لە دەستە یاسا ئیجباریەکانە و گشت وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتۆکان ددانیان پێدا ناوە و واژۆیان کردوە ئەگەر وڵاتانێکیش لە گەڵ ئەو یاسایە نەبووبێتن و دەنگیان پێینەدابێت یان تازە ڕزگار بووبێتن و هێشتا بە ڕەسمی بە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان  وەرنەگیراونبووبێتن بە پێی یاسای نێونەتەوەی مەجبوورن ملکەجی یاسای ئیجباریی لە چەشنی مافی چارەی خۆ نووسین و یاسای مافی مرۆڤ بن و ناتوانن یاسای ناوخۆیی بە پێچەوانەی ئەو یاسایە دابنێن یانی یاسای مافی چارەی خۆ نووسین سنووور ناناسێت و بە پێی ڕێککەوتنی نێو نەتەوەیی لە سەرووی یاسای ناوخۆییەوەیە.

یاسای مافی چارەیخۆنووسین ئاوەڵدوانە یان پاشکۆیەکی گرینگیشی بە ناوی «ئێرگا ئۆمنس» بە مانای ڕوو لە هەموان هەیە کە داوا لە گشت حوکوومەتەکان دەکات؛ کە پشتیوانی لە جێ بە جێ کردنی یاسای ئیجباریی لە چەشنی مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلان یان مافی مرۆڤ بکەن.

ڕەنگە کەسانێک بڵێن حوکوومەتی ئێران گوێ ناداتە هیچ یاسایەک، بەڵام دەبینین کە زەختی چالاکانی مافی مرۆڤ کە یاسایەکی نێونەتەوەییە نرخی پێشێل کردنی ئەو یاسایەیان بۆ حوکوومەت بردۆتە سەر و بە تێوەگلاندنی نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانی گەورە و ڕای گشتی خەڵکی جیهان تا ڕادەیەکی زۆر بەری ئیعدام و ئەشکەنجە و باقی سەرەڕۆییە ئینقیلابیەکانی ساڵانی پێشووی جومهووری ئیسلامیان بەرامبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و زیندانیانی سیاسی گرتوە و کێشەی مافی مرۆڤ لە دوای کێشەی ئەتۆمی بوە بە گەورەترین سەرێشەی ناوخۆیی و جیهانیی بۆ جومهووریی  ئیسلامی.  بەڵام دەنگی یاسایی ئێمەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیک و دژە کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆریی دژی جومهووریی ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران کپە و تایبەتمەندیی یاسایی بوونی داخوازیە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیە کوردیەکەمان پێوە دیار نیە و خۆمان وەبن باڵی ئۆپۆزیسیۆنی دژی جومهووری ئیسلامی داوە و تەینا وەک بەشێک لەو هێزانەی کە دەخوازن حوکوومتی ئێستای ئێران بگۆڕن دەردەکەوین و نەک وەک بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەویەک کە بەر لە هاتنی ئەو حوکوومەتە و دوای ڕووخانیشی خواستی جیابوونەوە بە شێوەی ئوتۆنۆمی یا فیدڕالیزمی بوە و بە وتەی دوکتور قاسملوی مەزن جیلەکانی دوایش خۆیان بڕیار دەدەن چی بخوازن.

ئوپۆزیسیۆنی دژی جومهووریی ئیسلامیش بە گشت لق و پۆپەکانیەوە بە دانانی مەرجی «حفظ تمامیت ارضی ایران» بە مانای ڕێز گرتن لە یەکپارچەیی خاکی ئێران بۆ وتووێژ و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردیەکان مافی چارەی خۆ نووسینی کوردی لە یاسای نێونەتەوەیی دابڕیوە و دەستی ئەو حیزبانە و بزووتنەوەی کوردیان لە تێکوڵە گوێزی «تجزیە طلب» و « حفظ تمامیت ارضی » ناوە.

ئێستاش دوای دەیان ساڵ خەبات، چالاکوانی حیزبی و مەدەنیی کورد لە ترسی تابۆی «تجزە طلب» ڕایدەگەییەنێت «تخزیە طلب نیە بەڵام ناڵێت چیە. بۆ نموونە لە بری ئەوەی حیزبە کوردیەکان مەرجی ڕێز گرتن لە یاسای نێو نەتەوەیی مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ هاوکاری لە گەڵ ئوپۆزیسیۆنی جومهووریی ئیسلامی دیاری بکەن و ڕچە بۆ خەباتی حوقووقی و فەرهەنگیی بزووتنەوەی مەدەنی ناوخۆ لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا بشکێنن، سەر بۆ مەرجی «حفظ تمامیت ارضی ایران»ی ئەوان شۆڕ دەکەن.

ڕای ماف ناسێکی نێو نەتەوەیی، بڕیاری دادگای باڵای کانادا، بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی کۆساوا، بڕیاری دادگای تیمووری شەڕقی و ڕای فەیلەسووفێکی سیاسی«پۆلیتیکاڵ فڵۆسفر» سەبارەت بە مافی دیاری کردنی چارەنووس بە جیابوونەوەوە:

١- دەوڵەتی کانادا لە تۆماس فڕانک یەک لە پێنج مافناسی گەورەی پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی پرسیار کرد: ئایا داخوازیی جیابوونەوەی کەمایەتیی کێبێکی لە وڵاتی کانادا یاساییە؟ تۆماس فڕانک جوابی داوە: کەس ناتوانێت حاشا لەو ڕاستیە بکات کە یاسای نێو نەتەوەیی ئیزنی جیابوونەوەی داوە، جیابوونەوە مافێکە کە یاسای نێونەتەوەیی بڕیویەتەوە، یاساش کەس مەجبوور ناکات جیا نەبێتەوە.

٢- دادگای باڵای وڵاتی کانادا سەبارەت بە خواستی جیا بوونەوەی کەمایەتی کیبیکی لە وڵاتی کانادا بڕیاری دا: ئەگەر مافی دیاری کردنی چارەنووسی کەمایەتیەک لە ناو سنوورەکانی وڵاتی دایکدا نەیەتە جێ بە جێ کردن پێویستە ئیزنی جیابوونەوە بە کەمایەتیەکە بدرێت و دژی جیا بوونەوەی کیبێک نەوەستا و مەرجی جیا بوونەوەیانی بردنەوەی ڕیفراندۆمێک بە دەنگی زۆرینەی کەمایەتی کیبێکی دیاری کرد.

٣- دادگای نێونەتەوەیی کە لە سەر داخوازیی نەتەوە یەکگرتوەکان  بۆ چارەسەریی کێشەی کۆساوا کە پاڕلمان و دەوڵەتە کاتیەکەی یەک لایەنە سەربەخۆیی ڕاگەیاندبو و سکاڵای سیربستان کە بە گوێرەی یاسای رێز گرتن لە یەکپارچەیی خاکی وڵات سەربەخۆیی کۆساوای بە نایاسایی دەزانی و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەربەخۆیی کۆساوای دەکرد پێک هاتبو، بڕیاریدا کە جیا بوونەوەی کۆساوا یاسای نێو نەتەوەیی پێشێل نەکردوە، هەروەها ڕایگەیاند کە یاسای ڕێز گرتن لە یەک پارچەیی وڵات پێوەندیی بە داگیرکاریی خاکی وڵاتێک لە لایەن وڵاتێکی دەسیتدرێژیکەرەوە هەیە، نەک جیا بوونەوەی کەمایەتیەک لە چوار چێوەی یاسای نێونەتەوەیی مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدا.

٤- لە بڕگەی ٢٩ی بڕیاری دادگای نێو نەتەویی سەبارەت بە یاسایی بوونی سەربەخۆیی تیمووری شەڕقی دادگا قامکی لە سەر مافی دیاری کردنی چارەنووس وەک یاسایەکی بناغەیی و ئاسایی یاسای نێو نەتەوەیی دانا و مافی دیاری کردنی چارەنووسی بە مافێکی حاشا لێنەکراو ناو بردو وتی یاسایی بوونی ئەو مافە جێگای دەمەتەقە و کێشە نیە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە یاسای مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلان لە ئەساسنامەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا وەک مافێکی یاسایی ددانی پێداندراوە و یەکێکە لە بنچینەکانی یاسای نێو نەتەوەیی دەورانی ئێمەیە).

٥- ویڵ کیملیکا کە بە ناوبانگترین فەیلەسووفی سیاسیی سەردەمی ئێمەیە دەڵێت: کەمایەتیی لە چەشنی ئیتالیایی، ئیرلەندی، لاتینۆ، ئەفریقایی، هیندی و موسوڵمان و باقی کە وەک موهاجیر لە وڵاتانی سەربەخۆ نیشتەجێ بوون لە گەڵ ئەوەدا کە مافی پاراستنی زمان و فەرهەنگ و ئایینی خۆیان هەیە بۆیان نیە کە داوای ئوتۆنۆمی، فیدڕالیزم یان سەربەخۆیی بکەن ئەوان هاتوون تا لەو کۆمەڵگایانەدا بتوێننەوە، بەڵام ئەو کەمایەتیانەی کە لە ناو سنوورەکانی وڵاتێکی سەربەخۆدا لە سەر خاکی باب و باپیرانی خۆیان دەژین مافی دیاری کردنی چارەنووس بە سەربەخۆییانەوە هەیە.

پێویستە ئەو ڕاستیە باوەڕ بکەین؛ لە عەسری دڕۆن و مووشکی دوورهاوێژی هەستیار و تەلەیفوونی دەستی و کەرەسەی سیخوڕی ئێلێکترۆنیکیی پێشکەوتو، چیدی چیا تەنیا دۆست و پەنای کورد نیە و بزووتنەوەی مەدەنیی شارەکان و هەزاران ژن و پیاوی مافناس و پارێزەر و دوکتۆر و موهەندیس و موعەلیم و بازرەگان و تێکنۆکڕات و میلیۆنەها خوێندکاری سەرەتایی و ناوەندی و دانیشگایی جێگای چیایایان گرتۆتەوە. شکاندنی شەقڵی چەمکی نایاسایی «تجزیە طلب» و بە پیرۆز زانینی «حفظ تمامیت ارضی ایران» کە بە وتەی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان خاتو لویز ئاڕبڕ کە دەڵێت: باش وایە حوکوومەتەکان بزانن کە سنوورەکانیان پیرۆز و نەگۆڕ نیە، بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە ناوخۆ بە گوڕ دەکات و لە دەرەوەی وڵات و لە چاوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا وەک خەباتێک لە چوار چێوەی یاسای نێونەتەوەییدا ڕەنگ دانەوەی ئەرینیی دەبێت. »

پەروەردەی ناسیۆنالیستی و «گرینگیی »خاک و زمان وەک بەردی بناغەی دوروست بوونی هەستی نەتەوەیی و بە نەتەوە بوون و بە نەتەوە ناسران.

بێنێدیکت ئەندرسن کە لە چل ساڵی ڕابردوودا و بە ئیمڕۆشەوە بە گەورەترین پسپۆڕی نەتەوە و ناسیۆنالیزم ناسراوە دوروست بوونی نەتەوە و هەستی نەتەوەیی بە دو دیاردەی زمانی خوێندنەوە و نووسین و خاکەوە گرێ دەدات.

سەبارەت بە زمانی خوێندنەوە و نووسین وەک ناسنامەی نەتەوەیی دەڵێت: بەر لە پەیدا بوونی سەنعەتی چاپ خەڵکی هەر وڵاتە ڕەنگ بو زمانی جۆراو جۆریان هەبوایە، بڵاو بوونەوەی بە لێشاوی ڕۆژنامە و کتێب بە یەک لەو زمانانە وەک زمانی ڕەسمیی وڵات ، بەرەبەرە زمانەکانیتری لە زمانە ڕەسمیەکەدا تواندەوە و یەکگرتووییەکی زمانی پەیدا بو و بو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی وڵات خۆیان بە زمانە ڕەسمیەکەوە  پێناسە بکەن و زمانە داسەپاوەکە ببێت بە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەییان. زمانی باسکی و بریتنیەکانی فەرانسە لە زمانی فەرەنسیدا توانەوە و زمانە کۆنەکانی ئیتالیا لە زمانی ئیتالیاییدا و زمانی کوردی باکوور تا ڕادەیکی زۆر لە زمانی تورکیدا.

میعمارانی خوڵقێنەری ئێرانی مۆدێڕن بەو پەڕی تێگەیشتووی و وردبینی و زاناییەوە و بە ئاگاداریی لە ئەزموونی وڵاتانی وەک فەرانسە و ئیتالیا و تورکیەی ئەتاتورک نەخشەی دوروست کردنی دەسەڵاتێکی هەتەهەتایی فارسی بە سەروەری و هێژەموونی سیاسی و حوکوومەتیی خۆیان لە سەر بنچینەی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، زمانی، فەرهەنگی و خاکی یان جوغڕافیایی نەتەوە غەیری فارسەکان  داڕشت و لە لایەکەوە بە ڕەسمی کردنی زمانی فارسی بۆ کاری ئیداری و خوێندن و نووسین و شیعر و شانۆ و سینەما و ئەدەبیات و مۆسیقا و لە لایەکیترەوە بە بیانووی بەرەنگار بوونەوەی «تخزیە طلبی» و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران لە بەرامبەر ئەو نەتەوانەی کە هەستیان کردبو ناوی ئێران و نەتەوەی ئێران و نەخشەی ئێران دێو جامەیەکە کە دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەی فارسی لە ژێردا حاشار دراوە و ئامادە نەبوون واز لە زمان و فەرهەنگی خۆیان بهێنن و خاکی باب و باپیرانیان بە دەستەوە بدەن، بە بێ بەزییانەترین شێوە سەرکوت کران. ئێستاش دایکی کورد بڕینی نێفەکی پانتۆڵی پیاوانی کورد و تێڕۆڕی سمکۆ و جەعفەر ئاغای برای و بیرەوەریەکانی کۆمارە ساواکەی کورد و سێدارەکەی پێشەوا و هاوڕێ بە کەرامەتەکانی و تێڕۆڕی قاسملو و شەرەفکەندی بۆ منداڵەکانی دەگێڕێتەوە و دایکی لوڕ هاواری دەرەتان لێبڕاوانەی ژن و پیاوی بە ساڵچو و منداڵی لوڕ بە لایە لایە بە کۆرپەکەی دەڵێت:  دوودێ بارووت سوختمانە، ئەرێ بەسە باڕووت.

سەبارەت بە خاک ئەندرسن دەڵێت: بڵاو بوونەوەی نەخشەی جوغڕافیایی وڵاتان، ڕۆڵێکی سەرەکی لە دوروست بوونی نەتەوەدا هەبو. زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی وڵاتان هەرگیز سووچ و قوژبن و دۆڵ و دەرە و شاخ و کێو و گوند و شاری وڵاتی خۆیان نەدیوە و نایبینن بەڵام کۆی ئەو شوێنانە لە سەر نەخشەی وڵاتەکەیان کە ڕاستیدا ژمارەیەک هێڵی ڕاست و خوار لە سەر لاپەڕە کاغەزێکە دەناسنەوە و خۆی پێ پێ پێناسە دەکەن و بست بستی خاکی ناو نەخشەکە بە مڵکی خۆیان دەزانن و ئامادەن بە گیانی خۆیان و ئازیزەکانیان پارێزگاریی لێبکەن.

ئەندرسن ئالاسکا بە نموونە دەهێنێتەوە. ئالاسکە ئیالەتی پەنجاهەمی ئەمریکایە کە لە ساڵی ١٨٦٧ بە حەوت میلیۆن و دوسەت هەزار دۆلار (هێکتاری بە دو سێنت) لە ڕووسییەی تەزاری کڕی بو. ئالاسکا بە خاک بە وڵاتە یەکگرتوە کانی ئەمریکاوە پێوەست نیە و وڵاتی کانادایان لە نێوان دایە یانی خەڵکی ئەمریکا بۆ هاوموشوێی ئالاسکا پێویستە بە خاکی وڵاتی کانادادا تێبپەڕن. دانیشتوانی ئەو جوغڕافیا پان و بەرینە تەنیا حەوت سەت وچل هەزار کەسن، لە کاتێکدا سەتان شاری زیاتر لە میلیۆن کەسی لە جیهاندا بوونیان هەیە. ئەندرسن دەڵێت ئێستا لە بەرژەوەندیی ئابووریی ئەمریکایە کە ئالاسکا بە ژاپۆن بفرۆشێت بەڵام لە هەر ژن یان پیاو، دارا یان نەدارێکی ئەمریکایی دانیشتووی نیویۆرک، کالیفورنیا تێکزاس یان هەر ئیالەتێکیتر بپرسیت ڕات چیە کە ئەمریکا ئالاسکا بە ژاپۆن بفرۆشێت و قەرزە زەبەلاحەکانی خۆی پێ بداتەوە و تین و گوڕێکی باش بە ئابووری ئەمریکا بدات و بارودۆخی ئابووری خۆتیشی پێ باشتر بکات، ئەگەر بە گژتدا نەیەتەوە بە توندی دژت دەوەستێت و ئالاسکا بە بەشێک لە خاکی پیرۆزی خۆی دەزانێت کە نابێت بە هیچ بایخێک تەنانەت ئەگەر بە خوێنیش بوە لە وڵاتی ئەمریکا جیا بکرێتەوە و هیچ دەوڵەتێکی ئەمریکایی ناوێرێت لە کوولەکەی تەڕیشدا باسی فرۆشتنی ئالاسکا بە وڵاتێکیتر تەنانەت وڵاتی دۆستی لە چەشنی کانادا یان ژاپۆن بکات.

کاک ئاراس جەنگیش لە ناو جەرگەی شاری ڕووناکبیریی کورد ڕو لە دووربینی تلویزیۆنە کوردیەکان بە تێڕادیوی دەفەرموون: قەیچی دەکات حەشد کەرکووکی گرتۆتەوە، مەگەر کەرکووک عێڕاق نیە؟ یان تلویزیۆنی کەوا سوور پۆشی ئێن ئاڕ تی، موژدەی گەڕانەوەی ئەنفالچیەکانی دوێکە دەدات و ژن و پیاوی کورد ئامادە دەکات بە پیر حەشد و سپای عێراقی عەرەبیەوە بچن. ڕووناکبیری ڕەهەندیی سلێمانی و چەپگەرای ڕۆژهەڵاتی بە نووسینی کتێب و گوتار و دیمانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ کاک ئاراس و تلویزیۆنی ئێن ئاڕتی لە ئەستۆ دەدن و پ ک کش کە چوار داگیرکەرەکان کردوویانە بە کوێخای چل پەنجا میلیۆن ژن وپیاو و منداڵی کوردی چوار پارچەکە، هەنگاوێک بەر لە کاک ئاراس و ئێن ئاڕتی و ڕووناکبیری ڕەهەندی و تەنانەت حەشد و سپای عێڕاق و سپای قودسی ئێران، قامک لە سەر پەلەپیتکەی کڵاشینکۆف ڕێگەی ئەو گەڕانەوە نیگریسیە خۆش دەکات. پێشکەوتوویی ئەمریکا و ئورووپا و ژاپۆن و کورەی خوار و سینگاپوور و دەیان وڵاتی سەرکەوتویتر بەرهەمی نیشتمان پەوەری و ناسیۆنالیزمی بەگوڕی خەڵکی خۆیان و بارودۆخی کوردستانیش بەرهەمی بۆژۆ بوونی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد بە هەناسەی بۆگەنی لێنینیزم و مائۆئیزم و فۆکۆیزم و ئەناڕشیزم و ئەو ئاخریانەش بیرۆکەی کوڵۆنیالیزمی ناوخۆیی و پۆست کوڵۆنیالیزم کە لە دەرەوەی کوردستان بە بیرۆکەیەکی ماڕکسیستی ناسراوە و لە ناوخۆ وەک کوردایەتیەکی شەش دانگ بە گەنجی کوردی دەفرۆشن.

با وەک نموونەیەکی بێنیدیکت ئەندرسنیی پەروەردەی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە هێز، شیعرێکی آغای هادی خورسەندی پیاوی قسەخۆش و کۆمیدیەن و ڕووناکبیری بە ناوبانگی چەپگەرای ئێرانیتان بۆ بخوێنمەوە:

شیعرەکەی ئاغای هادی خورسەندی کەمیلیۆنەها جار بڵاو بۆتەوە و کەمتر ئێرانیەک هەیە نەیبیستبێت، بە منداڵانی ئێران دەڵێت:

بچەها این نقشە جغرافیاست

بچەها این قسمت اسمش آسیاست

شکل یک گربە در اینجا آشناست

چشم این گربە بە دنبال شماست.

بچەها این گربەهە ایران ماست

بچەها این گربە خیلی عزیز

دومب نرمی دارد و پنجول تیز

میکند با دوستانش جست و خیز

میشود با دشمنان گرم ستیز

طفلکی دائم گرفتار بلاست

بچەها از هرگروە و هر نژاد

در کنار همدگر خندان و شاد

فارغ ازهر زندەباد و مردەباد

داشت بایداتفاق و اتحاد

مام میهن عاشق صلح و صفاست

بچەها خوب است یک روزی سفر

جانب هر سوی مرز پرگهر

شهر و دە، دشت و دمن کوە و کمر

از خلیج فارس تابحر خزر

بهر ما هر گوشەاش مردم سراست

بچەها این گربەهە ایران ماست.

بە دڵنیاییەوە عەرزتان دەکەم کە هادی خورسەندیەکان و میلیۆنەها فارسیتری وەک بەڕێزیان دەمارێکی دژە کوردیان لە لەشدا نیە، بەڵام لە منداڵیەوە فێر کراون کە وڵاتی ئێران مڵکی مێژوویی دانیشتوانی بە ڕەچەڵەک ئاریایی سەر ئەو خاکەیە و ناسنامەی گشت ئەو قەوم و قەبیلە و نەتەوەانە زمان و فەرهەنگی فارسی و مێژووی پاشا و ئیمپراتۆرەکانی ئێرانی کۆن و نەخشەی ئێرانە و هەر قەومێکی ناو سنوورەکانی ئێران خۆی بە بەشە خاک و زمان و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەیی خۆی پێناسە بکات و بخوازێت لە سەر بنچینەی ئەو جیاوازیانە خۆی و خاکی خۆی لە خەڵکی ئێران و خاکی یەکپارچەی ئێران جیابکاتەوە نۆکەری بێگانە، خائین بە ئێران و ئێرانی و «تجزیە طلب»ە و ئەرکی نیشتمانیی ژن و پیاو و گەنج و پیری شارۆمەندی ئێرانە کە بەرەنگاریان ببیێەوە و دەم کوتیان بکات.

ئەوە ڕاهێنان و پەروەردەی ناسیۆنالیستیێیە کە میلۆنەها کەسی بە درووشمی بێمانا و نایاسایی و درۆیینی «تجزیە طلب»، دژی مافی یاسایی ئێمە، یەک دەنگ و یەکگرتو کردوە و سەرکردە و لایەنگرانی حیزبوڵاهی جومهووری ئیسلامی و ئیسلاح تەڵەبی ناحیزبوڵاهی و ئۆپۆزیسیۆنی دژی جومهووری ئیسلامی بە پاشایی خواز و دژی پاشایی خواز و پێشکەوتنخوازی لائیکی لیبڕاڵ و دێمۆکڕاتی لە چەشنی «جبهە ملی ایران» و شوڕای گوزاری ئاغای سشەریعەتمەداری و چەپگەرای لە چەشنی ئاغای هادی خورسەندی یەک خستوە و لە قەسر و تەلارەکانی لۆس ئانجلێسەوە هەتا دانیشتوانی ماڵە بچووک و فەقیرانەکانی کۆڵانە تەنگبەرەکانی خوارووی تاران و یەزد و کاشان بە یەک دەنگ بە گژ کورد و تورک و عەرەب و بەلووچ و باقیدا دەچنەوە.

ئێمەی کورد کاری فەرهەنگیی ناسیۆنالیستیمان نە کردوە، دەیان ساڵە دەنگی لێنین گوتی، ماڕکس گوتی، مائۆ گوتیی کومۆنیستەکان و  ئەو ڕۆژانەش ئێدوارد سەعیدی فەلەستینی گوتی فڕانتیس فانوونی ئەفریقایی گوتی، خانمی گیاترا سپیواکی هیندی گوتی ژنانی ئەفرۆ ئەمێریکان گوتیان، فۆکۆ گوتیی پۆست مۆدێڕنیست و لایەنگرانی تیئۆریی ماڕکسیستیی کوڵۆنیالیزم ڕەسەر دەنگی ناسیۆنالیستیی پێشەوا و قاسملو و شەرەفکەندی و باوکانی نەتەوەیی و باقی قارەمانە نەتەوییەکانمان کەوتوە.

عەبدوڵا ئوجەلان دەڵێت ناسیۆنالیزمی تورکیی ئەتاتورک لە ناسیۆنالیزمی کوردیی شێخ سەعیدی پیران پێشکەوتنخوازانەتر بوە و بۆ داهاتووی کورد باشتر، ئێستاش پ ک ک بەغدای لە هەولێر پێ پێشکەوتنخوازتر و باشترە و بە ئاشکرایی لە لایەکەوە بە پەل کێش کردنی سپای تورک بۆ ناو خاکی هەرێم و لە لایەکیترەوە بە هاوکاریی حەشد و سپای پاسداران هەوڵی لە ناوبردنی ئەو قەوارە کوردیە دەدات. کومۆنیستە کوردەکانی چوار پارچەکە دەیانگوت ناسیۆنالیزمی عەرەبیی عەبدولکەریم قاسم لە ناسیۆنالیزمی کوردیی مەلا مستەفای بارزانی پێشکەوتنخوازتر بوە و هۆی شۆڕشی بارزانیی نەمر بەرگری لە ئیسلاحاتی ئەرزیی عەبولکەریم قاسم بوە. بەڕێز مامۆستا برایم ئەحمەد، وەک یەک لە باوکانی هزریی یەکیەتیی نیشتمانیدەیگوت: پێویستە بەرەی چەپ وپێشکەوتنخوازی کورد سەنگەر و ئاڵای خۆی جیا بکاتەوە. یانی خۆی لە بەرەی ناسیۆنالیستی جیا بکاتەوە. نوێنەری بەڕێوەبەریی کۆنفیدڕاڵیی دێمۆکڕاتیکی خۆسەری ڕۆژاوا دەڵێت ئێمە دەوڵەتی کوردیمان نەگەرەکە، لە ڕوانگەی سەرۆک ئوجەلانەوە داوای دەوڵەتی کوردی کردن یانی داوا بکەی کە لە بری پۆلیسی تورک و عەرەب و فارس پۆلیسی کورد ئەشکەنجەت بدات. شاعیری گەورە و بە ناوبانگی کوردی ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناو سەتان ئەندام و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: سەرکردەکانی کورد بەر لە ئێمە پێشکەوتنخواز نەبوون و گو بوون.

دوژمنانی کورد و غەیری کوردی ناسیۆنالیزمی کوردی هەر جارەی کە جووڵەیەکی بەرەو پێشمان تێدەکەوێت بە دوروشمێک بەرەی دژە کوردایەتی ڕێک دەخەن و بەرەی کوردایەتی دەشڵەژێن جارێک چەمکی پێشکەوتنخوازمان بۆ لە جێگای دوروشمی یان کوردستان یان نەمان دادەنێن و هرزاران گیانی بە توانای گەنجمان لێدەستێنن. دەمێک ساڵە تورکە نەتەوەییەکانی ئازەربایجان لە جوابی چەپگەراکانی خۆیاندا دەڵێن: موتەرەقی لولە ئیمالە دی هەر گوێتە ئەندازە دی، یانی پێشکەوتنخوازی وەک لوولە ئیمالە یا هۆقنەیە کە  لە هەمو قونگێکەوە دەچێت.

ئوەڕۆش بە چەمکی گەندەڵی حوکوومەتی هەرێمیان وا لە بەر چاوی کورد خستوە کە سەرەڕای ئەوەی بە چاوی خۆمان دەبینین کە هەرێم بە پێنج لە سەتی داهاتی عێڕاق کە زۆر جاریش بەغدا بەشێکی دەبڕێت، گەلێک لە بەغدا و  باقی شارەکانی عێڕاق بە نەوەت و پێنج لە سەتی داهاتی عێڕاقەوە ئاوەدانتر، پێشکەوتوتر، ئازادتر و ئارامترە و بارودۆخی ژیانی کوردی ئەو پارچەیەش بە دەیان قات لە کوردی سێ پارچەکەیتر مرۆڤیتر و باشترە، لە ترسی زمانی پ ک ک و ڕووناکبیری چەپگەرا و سۆشیال میدیای سەر بە جومهووری ئیسلامی ئێران، ناوێرین بە دێڕێکیش پشتیوانی لەو حوکوومەتە خۆڕاگرە، خوێناویە کوردیە بکەین و دوژمنە دژە کوردە ڕەنگاوڕەنگەکانی وەدرۆ بخەینەوە.

ئەزموونی دەیان نەتەوەی ڕزگار بو لە ژێر چەپۆکەیی پێمان دەڵێت:

تەنیا ناسیۆنالیزمە پاک و بێ گەرد و عاشقانەکەی پێشەوا و باوکانی قارەمانی نەتەوەییمان و قاسملووی بلیمەت و بنەماڵەی سەربڵیندی شەهیدەکانمانە کە تا سەربەخۆییما دەبات نەک ئاناڕشیزم و کومۆنیزم فووکۆیزم.

بە وتەی کاک سواری جوانەمەرگ: زنەی دەم بە هاواری هاری درۆزن هەزارن

کە تەسلیمی سیحر و تەلیسمی بنارن

بە بێ هەوڵی هەڵدان و چارانی چارن

بە هیوان بگرمێنێ هەوری بەهاری

ڕەها بن

لە زیندانی بەردینی غارا.

بەڵام کاکە ئەو گشتە عەقڵی خەسارن

لە ناو ئەو هەمو ئاوە هەر چاوەیەک

باوی هەنگاوی خۆشە

بە تەنیا ئەوە شارەزای کۆسپ و کەنداڵی ڕێیە

هەوەڵ مەنزڵی زێیە، ئاواتی بەرزی زرێیە

هیوادارم گشت کوردێک کەڵکی لێوەر بگرێت. ئەو نووسراوەیە بەرهەمەی خوێندنەوە و پێداچوونەوەی وەرگێڕانانی سەتان بەڵگە و پی دی ئێفی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ماف ناسان و پسپۆڕانی بواری نەتەوە و پرسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمە.

ئەو پۆستە پێشکەش دەکەم بە ژیان و خەباتی پڕ شانازیی دو باوکی قارەمانی کوردایەتی لە ساڵوەگەڕی شەهید بوونیاندا، سمکۆ و قاسملووی مەزن.

ڤیدیۆ 

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی