پاش داگیرکردن و دابه‌شبوونی کوردستان، گه‌لێ جار ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆیی له مێژووماندا هاتۆته به‌رده‌م سه‌رانی سیاسی کورد.
ده‌ی نه‌ک هه‌ر به داتاشینی بیانووی پوچه‌ڵ خۆیان لێ نه‌بان کردووه، به‌ڵکو زۆر به‌توندی ئاسته‌نگیان بۆ دروســت کردووه و به ناشیرینی دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا، که به زێڕینترین ده‌رفه‌ت له مێژووماندا داده‌نرێ ، باس له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی نه‌مان یان نه‌رمبوونی ئه‌و هۆکاره ناوه‌کی و ده‌ره‌کییانه‌ی هه‌تا ئێستا رێگربوون، پانتاییه‌کی به‌رچاو له نێو میدیاکان داگیر ده‌کات. گۆڕینی ئه‌تڵه‌سی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوین زه‌مینه‌ی کامڵ بووه. چاوی ناوه‌نده‌کانی بڕیار و زمانی دبلۆماتکاران و چاوچنۆکی به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌کان، به بایه‌خ و گرنگییه‌وه ته‌ماشای رووداوه‌کانی ناوچه‌که ده‌که‌ن و سات به سات زیاتر له قه‌ناعه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی نزیک ده‌بنه‌وه .
هه‌ر وه‌ک بڵێی مێژوو لای سه‌رانی کورد خۆی چه‌ندباره بکاته‌وه، به‌رانبه‌ر به‌م پرسه هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه ده‌ست به‌تاڵ و بێ پرۆژه‌یه‌ن. شه‌رمنانه به دیار رووداوه‌کانه‌وه ئه‌بڵه‌ق ماون و سه‌ریان کز کردووه و له بێده‌نگیدا نوزه‌یان له خۆی بڕیوه. کۆلکه فه‌یله‌سووف و چاودێره سیاسییه‌کانیان به‌رده‌وام گه‌ره‌کیانه، بکه‌ونه راڤه‌کردنی پیتۆڵانه‌ی بارودۆخه‌که و پێمان بڵێن: گه‌ر ده‌وڵه‌ت دروست بکه‌ین، وا ده‌وڵه‌تانی دراوسێ!، ئێران ته‌ماته‌مان بۆ نانێرێ و تورکیا رێگای سه‌فه‌رمان لێ ده‌بڕێ و عێراق ماڵی خۆیمان لێ جیاده‌کاته‌وه و سوریا ناسنامه‌ی نیشتمانی و پێشکهوتنخوازیمان لێ ده‌سێنێته‌وه. سه‌رانی کورد له خه‌می ئه‌وه‌دان کۆڵه‌که‌ی برایه‌تی کورد و ئه‌وانی دیکه له‌ق نه‌بێ، تۆقیون به جیاخواز ناوزه‌د بکرێن و چاولهژێرن فایله‌کانیان ئاشکرا بکرێ.
داخۆ غاندی هیندستان و هۆشی منی ڤێتنام و بسمارکی ئه‌ڵمانی و کافوری ئیتالی به‌م پێودانگه‌ی سه‌رانی کورد خه‌بات و تێکۆشانیان بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌که‌یان کرد!؟. نا نه‌خێر، ئه‌وانه کوڕی خاک و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بوون سته‌م و ئازاری نه‌ته‌وه‌که‌یان ببووه فه‌لسه‌فه‌ی ژیانیان و تا دوا هه‌ناسه و ترپه‌ی دڵ بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌کانیان فیداکارییان کرد. ئه‌و سه‌رکردانه تا دنیا دنیا بێت ناویان له ناو میلله‌تانی خۆیان و جیهاندا وون نابێت، چونکه سه‌ربڵندانه و ویژدان سه‌رفرازانه چوونه‌ته مێژووه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، به‌و بڕو بیانووانه و ده‌رپه‌ڕاندنی چوار رسته‌ی شاش و شه‌شپه‌ڕ و لێدانی کۆمه‌ڵێ قه‌وانی دیکه‌ی سواو، ده‌یانه‌وێ نمایشتێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی بایه‌خی پێشهاته‌که ساز بکه‌ن و پێمان بڵێن ئێمه واقعیین. واقعیبوونیش لای ئه‌و سه‌رکردانه ئه‌وه‌یه کوردستان داگیرکراو و دابه‌شکراو و کورد هه‌ر ژێرده‌سته و زوڵملێکراو و برای بچوک و …هتد بێت. له‌م سه‌رده‌می گۆرانکارییه‌دا ده‌وڵه‌تی زۆڵه‌کی عێراق یه‌که‌م کاندیداتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و فه‌وتانه. به‌تایبه‌ت شیعه و سوننه به‌رداشیان خستۆته گه‌ڕ بۆ هاڕینی گیانی یه‌کتر . هه‌ردوو به‌ره‌ی تورکیا و ئێران دۆسته‌کانیان دنه‌ی خۆشکردنی ئاگره‌که ده‌ده‌ن. ئه‌م شه‌ڕه ره‌هه‌ندی نێوچه‌یی و جیهانیشی هه‌یه و له‌رووی مێژوویشه‌وه خاوه‌ن پاشخانه و فاکته سیاسییه‌که‌ش هه‌میشه له‌سه‌ر پێ بووه.
عێراق ده‌وڵه‌تێکی ئیفلیج و له‌رزۆکه، توانای له‌سه‌رپێ وه‌ستان ، رێکردن ، به‌ڕێوه‌بردن و کۆنتڕۆڵکردنی نییه، له عێراقی تاوان و سته‌مدا، هه‌ر ئه‌و یاسایانه جێبه‌جێ ده‌کرێن، که دژ به کورد ده‌رده‌چن. حاکمه‌که‌ی به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی نییه له پایته‌خدا مریشکێک له ئاو بکات، ده‌ستگیرکردنی تاریق هاشمی یاخی له یاسای له کوردستان دا هه‌رگیز بۆ ناکرێ.
سه‌رانی کورد،جگه له‌وه‌ی ئاگرێکی مه‌ترسیداریان هێناوه‌ته ناو کوردستانه‌وه، به‌رده‌وام و به زۆرداره‌کی خه‌ریکی بیناکردنی ده‌وڵه‌تێکن ـ ئه‌وه‌ی ئینگلیز دروستی کرد و برێمه‌ر هه‌ڵی وهشاندهوهـ که له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر خوێن و فرمێسک و ئێسک و گۆشتی کورد دروست کراوه و جگه له( تعریب ، تهجیر ، ترحیل) ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و ژینۆساید هیچ خێرێکی دیکه‌ی نه‌بووه.
پێته‌ر گالبێرس ده‌ڵێ:” دوای دوو هه‌فته له رووخانی سه‌دام، ده‌ستمکرد به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده کورده‌کان سه‌باره‌ت به ئایینده‌ی کوردستان و ئه‌وه‌ی ده‌توانن له ده‌ستووری نوێی عێراقدا به‌دی بهێنن، بۆیه قسه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی کرد. به‌ڵام هه‌ردووکیان سه‌رقاڵبوون به بیرکردنه‌وه‌یان له پێکهێنانی حکومه‌تی کاتی و کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی هه‌نووکه‌یی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ماوه‌ی پاش جه‌نگ”.
بنۆڕن، سه‌رانی کورد، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و چرکه‌ساته مێژووییه‌دا هه‌ڵگری ئه‌جندای عێراقی بوون له بری کوردستانی، ته‌نانه‌ت له ره‌خنه و گله‌یی که‌سێکی دۆست و راوێژکاری کوردیش رزگاریان نابێت. نووسه‌ری کتێبی کۆتایی عێراق له شوێنێکی دیکه‌دا پێمان ده‌ڵێ: “دوای ئه‌وه‌ی له ئایاری 2003 دا عێراقم به‌جێهێشت ده‌رکم به‌وه کرد که سه‌رکرده کورده‌کان کێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بوو که تێڕوانینێکی روونیان نه‌بوو سه‌باره‌ت به پلاندانانیان بۆ عێراقێکی فیدڕاڵی، بۆیه وه‌ک کاتی یان گۆڕینی ده‌سه‌ڵات سه‌یریان ده‌کرد، واته به‌غدا هه‌ندێ مافیان بداتێ. له‌به‌رئه‌وه هانمدان که هاوکێشه‌که پێچه‌وانه بکه‌نه‌وه”.
ئاخر پێم سه‌یره گرامش ده‌ڵی: “له منداڵانی هه‌ر حیزبێکدا کۆرپه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌یه”. پێده‌چێ گرامش بێ ئاگا بووبێ له‌وه‌ی ، حیزبی کوردی هه‌موویان نه‌زۆکن و هه‌رگیز به کۆرپه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاوس نابن. گه‌ر حیزبێ له سه‌ره‌تاوه ستراتیژێکی سه‌ربه‌خۆیی دیار و روونی نه‌بوو بێت، ئه‌ندامه‌کانی به تورکیایی و ئێرانی و عێراقی و سوری په‌روه‌ده بکات، وا له ئاست رووداوی رووخان و له‌ناوچوونی رژێمێکی داگیرکه‌ردا دۆش داده‌مێنێ. به چنگێ پاره‌ی چڵکن و پێچکه‌ی هه‌ندێ کورسی قنیات و قوڕوقه‌پ ده‌کات. بیره‌وه‌رییه‌کانی پۆل برێمه‌ر باشترین سه‌رچاوه‌یه له‌مه‌ڕ ئه‌م راستییانه‌وه. گالبێرس بۆمان ده‌گێڕێته‌وه ئه‌و هانی داون به‌شێکی باشی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆن و به‌رامه‌یه‌کی کوردستانییان پێوه‌یه بکه‌نه به‌رنامه‌ی خۆیان و هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی بده‌ن. له‌وانه:
(ده‌ستووری کوردستان پێش هی عێراق بنووسرێ، پاراستنی مافی مرۆڤ له ده‌ستووردا بچه‌سپێ، روونکردنه‌وه‌یه‌کی ووردی ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌تی کوردستان به به‌راورد به ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌ت له به‌غدا، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و پۆلیس و هێزه چه‌کداره‌کان، کوردستان ده‌سه‌ڵاتی پێویستی ببێت بۆ دامه‌زراندن و درێژه‌پێدان و کۆنتڕۆڵکردنی هێزێک بۆ به‌رگریکردن له کوردستان و ….هتد).
ئه‌م خاڵه گرنگانه و زۆری تریش که له راستیدا چمکێکن له بنه‌ماکانی ستراتیژ و ئاسایشیی نه‌ته‌وه‌یی، که‌چی به زۆر و هاندانی که‌سانی دیکه هاتوونه‌ته به‌رهه‌م. کاتی خۆی شێوازی کارکردن و ده‌سه‌ڵاتی ففتی به ففتی له‌سه‌ر داخوازی ئینگلیز و فه‌ره‌نسا پیاده کرا و ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی لێ که‌وته‌وه که به‌سه‌رماندا هێنایان.
سه‌رانی کورد، به‌و شۆرشه‌ی له چیاکانی کوردستانه‌وه هه‌ڵیان گیرساندبوو، له خه‌ونی به دیموکراسی کردنی عێراق و پاراستنی یه‌کێتی خاکه‌که‌یدا بوون و چه‌شنی مریشکه ڕه‌شه له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمی کڕکهوتبوون . ساتێ گه‌وره‌ترین زلهێزی دنیا هات و عێراقی دایه به گورزی خۆی، ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئاکامه‌که‌یان به‌و قه‌باره و رێژه‌یه نه‌ده‌کرد که ئێستا بۆ کورد بۆته دێفاکتۆ. هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی کوشنده‌ش ئه‌وه بوو نه‌یان ده‌زانی به چ میکانیزمێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا به ئاماده‌یی ئامریکا بکه‌ن؟. باوه‌ڕیان به خۆیان نه‌بوو، له چ شوێنگه‌یه‌کی گرنگی رووداوه‌کاندان ؟و له‌و پێویستییه دوولایه‌نییه‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ کورد و به پێچه‌وانه‌وه نه‌ده‌گه‌شتن. ئه‌م باوه‌ڕ به خۆنهبوونهش وای کرد بێ هیچ رێکه‌وتنامه و نووسراوێک و زۆر ده‌ست به‌تاڵانه و بچنه ناو هاوکێشه‌کانه‌وه. ده‌رئه‌نجام نه‌یانتوانی ببنه هاوبه‌شێکی پێویست و دیاری لایه‌نی براوه له شه‌ڕدا و هاوکێشه‌کان ته‌نها به سوودیی ئامریکا دارێژران. گالبێرس ده‌نووسێ:” له‌وه ئاگادارم کردنه‌وه که پێویستی وڵاته یه‌کگرتووه‌کان بۆ کورد له پێویستی کورد بۆ ئهمهیکییهکان که‌متر نییه”. لێ ئامریکاییه‌کان زوو ده‌رکیان به‌وه کرد سه‌رانی کورد ته‌نگه‌تاویان ناکه‌ن،چونکه هیچ خواستێکی قورس و گه‌وره‌یان له ئهجندادا نییه. هه‌ر بۆیه بێ گوێدانه عورف و مۆڕاڵی دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی هه‌ژماریان له‌سه‌ر کورد له هیچ کایه‌یه‌کی سیاسی‌دا نه‌کرد، جگه له بواری له‌شکریدا نه‌بێت. ئه‌ویش به ئامانجی ئه‌وه‌ی کوڕی کورد به‌رن بۆ شه‌ڕی ئه‌لقاعیده و سوود له شاره‌زایی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه‌که‌دا وه‌رگرن و به‌س.
به نموونه نووسه‌ر له لاپه‌ڕه 274 دا سه‌باره‌ت به کێشه و هه‌راکانی شاری موسڵ ده‌ڵێ:” کاتێ جه‌نه‌ڕاڵی ئه‌مریکی دێڤید پترایۆس له دوای جه‌نگ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و شاره‌کانی پێکهێنا، دانیشتوانی عه‌ره‌بی له کورد پێ باشتر بوو”. که‌واته بۆچوونه‌که‌مان راسته و لای ئامریکاییه‌کان سوننه به خۆیان رێکخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌وه له کورد زیاتر له‌به‌رتر بوون، چونکه ئه‌مانه داواکاریی و به‌رنامه‌ی روون و دیاریان هه‌بوو/هه‌یه. بۆ پتر روونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست ناچارم کۆپله‌یه‌کی تری گرنگ له‌و کتێبه به‌نرخه‌ی گالبێرس بگوێزمه‌وه، که له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستادا کتومت دێته‌وه و ده‌ڵێ: ” شه‌ڕی ناوخۆ له عێراق کۆتاییه‌کی ئاڵۆزه بۆ وڵاتێک که هه‌رگیز وه‌ک یه‌کێتییه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و بووه‌ته مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی له زۆربه‌ی کاته‌کاندا”. بۆ وه‌ڵامی ئه‌وانه‌شی که پێیان وایه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق ده‌بێته مایه‌ی تێکچوونی سه‌قامگیریی، دیسان نووسه‌ر ده‌ڵێ:” ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه، چونکه پارێزگاریکردن له یه‌کێتی عێراق له‌رێی هێزه‌وه خۆی سه‌قامگیرییه‌که‌ی تێک ده‌دات”.
سه‌رانی دوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان له‌بری پێشکه‌شکردنی دۆسییه‌ی کورد و فراوانکردنی ده‌روازه‌ی چالاکییه سیاسی و دبلۆماسییه‌کانی له نێو وڵات و له‌ده‌ره‌وه و رازیکردنی ناحه‌زه‌کان و ته‌ماح خستنه به‌رده‌م هێزه چاوچنۆکه‌کان، هه‌ر سه‌رقاڵی عێراقی خۆشه‌ویست و به‌شه بودجه‌که‌ی خۆیان و ئه‌و چه‌ند پۆسته کارتۆنییه بوون. له خه‌ونی قوڵی خۆیاندا رۆچووبوون و به دیار دروشمه نه‌زۆک و پووچهڵهکانیانهوه ئه‌بڵه‌ق بوو بوون. ساویلکانه‌ش خۆیان به واقعی له قه‌ڵه‌م ده‌دا و تا هه‌نووکه‌ش لانسی واقعبینیان خاو نه‌بۆته‌وه.
په‌شێوی گه‌وره ناحه‌قی نه‌بوو به‌م شیعره لێیان به ده‌نگ بێت و بفه‌رمووێ:
ئۆتۆنۆمی
نه خه‌نده‌یه، نه گریانه،
نه مردنه، نه ژیانه!
پێناسه‌که‌ی وا لای منه:
کوردکوژه، هیواخهسێنه.
رێگایه‌که نابڕێتهوهـ
له نوێنه‌وه به‌ره‌و سه‌نگه‌ر،
له‌وێشه‌وه به‌ره‌و نوێنه! حه‌قیقه‌ت و راستییه میژووییه‌کاندا هه‌میشه زاڵن به‌سه‌ر دروستکراو و ده‌ستچێن و ساخته‌کاندا. ده‌بێ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد باش تێ‌یان بگات و باوه‌ڕ به‌و راستییه مێژووییه بهێنن ، چه‌ند له ئاست سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌ییدا، خۆی گێل و نه‌زان بکه‌ن ؟و به چ ئه‌ندازه‌یه‌ک خه‌مساردی خۆیان بنوێنن؟، به کام ئاستی شه‌رمنانه و ترسنۆکانه گوزاره له‌م پرسه بکه‌ن؟ و تا که‌ی خه‌ریکی ماراسۆنی داگیرکه‌رچێتی بن؟، باری سه‌رشانیان گرانتر ده‌بێ . به‌رپرسیارێتیان به‌رانبه‌ر به‌و شکست و دۆڕاندن و ماڵوێرانییه‌ی به‌سه‌ر کورددا دێت زیاتر ده‌بێ. کوردیش به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو تاقیکردنه‌وه و چاوه‌روانییه ناکات تا له‌و وڵاته داگیرکه‌رانه‌دا دیموکراسی به‌رقه‌رار ده‌بێ،ئه‌وجا مافی کورد ده‌سته‌به‌ر ببێت. نامه‌خوا خۆ ته‌فره‌دانی سه‌رانی کورد له ئاست ئه‌م راستییانه‌دا هه‌تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه‌کا تا بێت خه‌رمانی که‌ماسی و تاوانه‌کانیان گه‌وره و به بهرهکهتر ده‌بێت.
له دنیای ئه‌مڕۆدا، سه‌رکردایه‌تی کاڵفامی کورد نه‌بێ، که‌س به‌م لۆجیکه چه‌وت و چهوێڵه ئیش ناکات. کاریش هه‌ر ئه‌وه نییه، له به‌رده‌م مێژوو و ویژدانی نه‌ته‌وه‌دا به‌رپرسن و به‌س، به‌ڵکو میلله‌ت پتر له جاران باوه‌ڕ و متمانه‌یان پێ ناکات . ره‌نگه، ئه‌و که‌مته‌رخه‌می و به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی پرسه هه‌ستیار و گرنگه‌کان، سه‌رئه‌نجام به کاره‌ساتی کوشنده‌ی نه‌ته‌وه‌یی به زیانی هه‌ر لایه‌کمان کۆتایی به په‌رده‌ی شانۆکه بێت. به دڵنیایشه‌وه بۆشیان نه‌کرێت مینا جاران وه‌ک به‌رزه‌کی بابان تێی قوچێنن!! . چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌سه‌رچوو، به خه‌یاڵ جارێکی تر سواری رووداوه‌کان بن و خۆ بکه‌نه‌وه سه‌رکرده و رابه‌ر.
ئاخر مه‌رج نییه هه‌موو جارێ هه‌مان په‌رده و شانۆی رووداوه مێژووییه‌کان کتومت وه‌ک خۆیان دووباره ببنه‌وه. جه‌ماوه‌ری کورد نه‌ک هه‌ر له ئه‌زموونه‌کانی رابردوو شت فێر بووه، به‌ڵکو ویست و خواستی نه‌ته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ره‌وا و سروشتی خۆی هێنده به گوڕوتینه، هه‌رگیز بنه‌بڕ نابێت و هیچ هێزێ له‌ناوی نابات و چ له‌مپه‌رێ ناتوانێ به‌ری پێ بگرێت. ئاوات و ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی و بوونه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، له هه‌ر ئان و ساتێکدا بێت له‌هه‌ناوی پرۆسه‌ی خه‌باتی دورودرێژی کوردایه‌تیدا وه‌ک پێداویستیی و ده‌رئه‌نجامێک هه‌ر له دایک ده‌بێت. مادام نه‌ته‌وه‌ی کورد و خاکی کوردستان هه‌یه،ده‌وڵه‌تی ناسیونالیش هه‌ر دروست ده‌بێت.
کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک چه‌ندین سه‌ده بێ ده‌وڵه‌ت بژی و ژێرده‌سته‌ش بێ، وا له پله هه‌ره نزمه‌کاندا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ و مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د ووته‌نی:” له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودایه”. ئه‌ی ئه‌وه نییه هێگل ده‌ڵێ: “ده‌وڵه‌ت رۆحی ره‌های کۆمه‌ڵگه‌یه”. ده‌ی ئێمه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت کوا رۆحی ره‌هامان؟!. بێ رۆحی ره‌ها، ده‌بێ ژیان چ مانایه‌کی له خۆ گرتبێ؟!. گه‌مارۆدانی کوردایه‌تی له لایه‌ن دوژمنه‌کانییه‌وه به‌ته‌نیا فاکتی سه‌ره‌کی شکسته‌کانمان نیین، به‌ڵکو تێشکاندن و دۆڕاندنهکانمان له مه‌یدانی سیاسی‌دا به هۆی زه‌لیلی ئیراده‌ی سه‌رانی کورد و وابه‌سته‌ییان بێره و ئه‌وێوه بووه.
ئه‌م چه‌ند دێڕه بۆچوونه نێو ئه‌و باسه‌یه ، که له گه‌رمه گه‌رمی باسی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا له‌ماوه‌ی یه‌ک دوو مانگی رابردوودا که‌سایه‌تی رۆشنبیر و سیاسی دیاری عه‌ره‌ب حه‌سه‌ن عه‌له‌وی له دوو کۆڕیدا له هه‌ولێر و سلێمانی و له چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا ئه‌م باسه‌ی سه‌رله‌نوێ هێنایه‌وه نێو باسان و له په‌نا گوێ ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه، داوامان لێ ده‌کات ده‌وڵه‌تی خۆمان دروست بکه‌ین، ئیدی ده‌ست له به‌رۆکی عێراقی عه‌ره‌بی به‌ر بده‌ین. به‌کورتی کرمانجی ده‌یه‌وێ کورد ته‌ڵاقی سیاسی خۆی له‌گه‌ڵ عێراقدا بدات.
بۆچوونه‌که‌ی عه‌له‌وی له دوو بڕگه پێک دێ. بۆ ده‌یه‌وێ کورد ده‌وڵه‌تی خۆی دروست بکات؟ و ئه‌و بۆ(له‌گه‌ڵ) دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردیدایه.
عه‌له‌وی… یه‌که‌م که‌س و دوا که‌س نابێت له‌م جۆره بیروڕایانه بڵاوبکاته‌وه، لێ ئه‌وی گرنگه له رووی کاته‌وه و له ساته‌وه‌ختێکی وادا ئه‌م شانسه گه‌وره‌یه رووی له ماڵی کورد کردووه، لێره و له‌وێ هه‌ندێ گاره گار به‌رگوێ ده‌که‌وێ،که به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر یه‌کێتی خاکی عێراق ده‌که‌نه‌وه و سه‌رکردایه‌تی کوردیش ساڵانێکه به ده‌نگێکی دلێر ئه‌م سرووده ده‌چڕن. ئه‌م باسانه سه‌رله‌نوێ له چێشتخانه‌ی سیاسی‌دا دهکوڵێندرێنهوه. عه‌له‌وی که‌سێکی هه‌ره به‌رچاو و دیاریی ناسیونالیستی به‌عسی عه‌ره‌به و جێ و رێیه‌کی له سیاسه‌ت و په‌رله‌مانی عێراقدا وه‌ک سه‌رۆک فراکسیۆنێک هه‌یه و ناوه‌ندی سوننی عه‌ره‌ب له عێراق و جیهانی عه‌ره‌بیدا گوێی له بیر و بۆچوون و تێزه‌کانی ده‌گرن.
سه‌ره‌تا ده‌بێ له‌وه بگه‌ین جه‌وهه‌ری داواکه‌ی عه‌له‌وی بۆ عه‌ره‌ب چ سوودێکی له خۆ گرتووه.
عه‌له‌وی شینی ئه‌وه ده‌کات که کورد بۆته فاکته‌ری لاوازکه‌ری عێراق و هه‌میشه له‌م ده‌روازه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر عێراق سه‌ری هه‌ڵداوه. حکومه‌تی ناوه‌ندی هه‌رگیز نه‌یتوانیوه ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌رار بکات و ووزه و توانایه‌کی زۆری عێراق له‌م بواره‌دا به هه‌ده‌ر چووه. ئه‌وه‌تا عه‌له‌وی راستی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ی بۆ ناشاردرێته‌وه و ده‌ڵێ :تاکه رێگه بۆ ئه‌وه‌ی له عێراقدا ده‌وڵه‌تێکی مه‌رکه‌زی هه‌بێت ،راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانه.
له شوێنێکی دیکه‌دا ده‌ڵێ: وه‌ک عه‌ره‌بێک ده‌مه‌وێ رزگارمان بێت له کورد و ده‌وڵه‌تی خۆیان دابمه‌زرێنن.
هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌راشبوونی شیعه و به‌هێزبوونی ئێران له ناوچه‌که‌دا له‌لایه‌ک و تورکیاش خۆی به گورنهتهڵهیهکی نوێ له ده‌ڤه‌ره‌که‌دا داده‌نێ و وه‌ک پاڵه‌وانێکی براوه‌ی شه‌ڕ خۆی ده‌نوێنێ. ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ی شه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه و ته‌ماح چاویان له عێراق بڕیوه و ده‌ست ده‌خه‌نه نێو کاروباره‌کانییه‌وه.
عه‌له‌وی له‌ته‌ک ده‌ربڕینی ئه‌م راستییه‌دا، ئاماژه به کۆمه‌ڵێ بیروڕای تریش ده‌دات، که ده‌کرێت ئیستیان له‌سه‌ر بکرێت و وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی که‌ڵکییان لێوه‌رگیرێت. له‌وانه:
ـ کوردستان به خاک و نه‌ته‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به عێراقه‌وه نییه و هه‌رگیز به‌شێک نه‌بوه له عێراق تاکو لێی جودابێته‌وه.
ئه‌م بۆچوونه هه‌ر هیچ نه‌بێت مستێکی به‌هێزه بۆ رسته ههڕاجکراوهکانی گووتاری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و دوو حیزبه و هه‌م بۆ ده‌می ئه‌و به‌رپرسه کوردانه‌ی وه‌ک بنێشته خۆشه باس له‌وه ده‌که‌ن(( کوردستان به‌شێکه له عێراق، ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه، میلله‌ت بڕیاری داوه له عێراقدا له‌گه‌ڵ به‌عسی و سه‌دری و مالیکیدا بژی، ئێمه عێراقین ، 58 ساڵه بیرم له‌سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌کردۆته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی عێراق له‌سه‌روو کوردستانه‌وه‌یه… هتد )). ته‌نانه‌ت ریسوایی و دابه‌زینی مۆراڵی و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای ئه‌و به‌رپرسانه گه‌یشته ئه‌وه‌ی که‌سێکی وه‌ک (موئه‌یه‌د ته‌یب) ی قسه‌که‌ری هاوپه‌یمانی کوردستانی له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ی مالکی دای سه‌باره‌ت به داگرتن و لابردنی ئاڵای کوردستان له خانه‌قین و ناوچه داگیرکراوه‌کانی دیکه‌دا ووتی: “ئاڵای کوردستان ئاڵایه‌کی عێراقییه”. ئه‌م راگه‌یاندنانه به‌زاندنی هه‌موو سنووره سووره‌کانی کوردبوون و به‌ها پیرۆزه‌کانی دیکه‌ی مێژوو و کوردایه‌تییه. بڕینه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستی تاکی کورده له ریشه‌وه، هه‌نجن هه‌نجن کردنی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و چه‌مکی کوردبوونه،داڕمانی ته‌لاری خه‌ون و فه‌نتازیای که‌ینونه‌ی کورده، سوکایه‌تییه به خه‌باتی سه‌دان ساڵه کوردی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا و باکوری کوردستان شه‌هیده سه‌روه‌ره‌کانی رێی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه.
ـ نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا که‌مته‌رخه‌م و به‌رپرسیارن.
ئه‌م راستییه‌ش کاتی خۆی جه‌عفه‌ری و عه‌بدولعه‌زیز حه‌کیم له هه‌ولێر و سلێمانی له‌به‌رده‌می که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن و له کۆڕ و چاوپێکه‌وتنه‌کانیان دا جه‌ختیان له‌سه‌ر کردۆته‌وه. مالکیش چه‌ندین جار هه‌مان شتی باس کردووه. هه‌موو جه‌ماوه‌ری کورد ده‌زانێ ئه‌و تیمه‌ی له به‌غدا له سه‌ره‌ک کۆمار و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره‌کان پێکهاتووه زۆر به تایبه‌تی و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌که‌ی به گشتی ئه‌و تاوانه‌یان له ئه‌ستۆدایه.
ـ هیچ هێزێک نییه له ناوچه‌که‌دا بتوانێ گه‌لێک به ته‌واوی بکوژێ و ته‌فروتونا بکات.
ئه‌مه حه‌قیقه‌ته و له‌ودیو سنووری بهڵگهنهویستییهوهیه، وه‌لێ سه‌رکردایه‌تی کورد خه‌می له‌ده‌ستدانی ئیمتیازه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانیانن له‌گه‌ڵ تاران و ئه‌نکه‌ره و شام و به‌غدا دا. خۆ له خراپترین ئه‌گه‌ردا، بشمان کوژن وه‌ک کردوویانه هه‌وڵی قڕکردنمانیان داوه، هه‌ر ئه‌وه ده‌رده‌چێ وه‌ک په‌شێو ده‌فه‌رموێ:
قڕمان ده‌که‌ن؟ قوڕتان به‌سه‌ر!
گه‌ر بشمرین ته‌نیا دیلی ده‌دۆڕێنین،
چ هه‌یه له دیلی تاڵتر؟
گه‌ر بشمرین هه‌ر سه‌رکه‌وتووین،
کوا له کۆیله‌ی شه‌هید زاڵتر؟
ـ ده‌بێت به زووترین کات ئیداره‌یه‌کی کوردی له که‌رکوک پێک بێت و بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌وانه خه‌ریکن ئیداره‌یه‌ی ئه‌و شاره له‌سه‌ر داوای ئه‌نکه‌ره و به‌غدا بده‌نه تورکمان و عه‌ره‌ب و خۆشیان، به‌رده‌وام به دوو گووتاری و دید و ئاسایش و میتۆد و به‌رنامه‌ی جیاوازه‌وه کار له که‌رکوکدا بکه‌ن. به‌ر له مێژوو رایانگه‌یاند که‌وا له‌و قوماره‌ی له‌سه‌ر که‌رکوک کردیان دۆراندیان.
ـ چاوه‌ڕێکردنی ره‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تانی دیکه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، لۆژیکی که‌سێک نییه پڕۆژه‌ی هه‌بێ.
له دێڕه‌کانی ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌مان به بێ پرۆژه‌یی و بێ به‌رنامه‌یی ده‌سه‌ڵاتی کوردی کرد. هه‌روه‌ها له‌گه‌لێ شوێندا باسمان له لۆژیکی چه‌وت و ناکوردستانی ده‌سه‌ڵات کردووه. پرسی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لێکی بنده‌ست چ ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی بۆ مرۆی ئازادیخواز و شۆڕشگێر و نیشتمانپه‌روه‌ر نییه و چاوه‌ڕوانیکردن هه‌ڵناگرێ.
ـ ئه‌گه‌ر که‌رکووک که‌ربه‌لا بووایه، ئێستا شیعه په‌نجا فه‌توایان له‌سه‌ر کورد ده‌رکردبوو.
ئه‌ميش بۆچوونێکی دوو فاقه،له لایه‌ک که‌رکوک مه‌ککه‌ش نییه که‌چی سوننه به کانگای عروبه‌ی ده‌زانێ. له لایه‌کی دیکه هێزی خۆشه‌ویستی خاک لای خه‌ڵک نیشان ده‌دات،چۆن بۆ بسته زه‌مینێک ئاماده‌ن فه‌توای ئاینیش ده‌رکه‌ن و جیهاد و غه‌زای له پێناودا بکه‌ن. با له بیرمان نه‌چێ ئه‌و دوو پارته ناوی دڵ و قودسی کوردستانیان لێنا، لێ وا بێ دڵ ده‌ژین و قودسیش سازش له‌سه‌ر سازش دایڕزاندووه و به‌ته‌واوی له‌بیریان چۆته‌وه.
ـ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مادده‌ی 140 دا روویدا هه‌مان ئه‌و شته‌یه که پێشتریش له‌گه‌ڵ سیڤهرد روویدا و کورد نه‌یتوانی سوودی لێوه‌ربگرێ.
روونکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه له نووسینه‌که‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێ،ئه‌گه‌رچی مادده‌ی 140 بۆ خۆی تابووتی مه‌رگه راستهقینهکهیهی ناوچه داگیرکراوه‌کانه.
من ته‌نیا مشتێکم له‌و خه‌رمانی را و بۆچوونانه‌ی عه‌له‌وی وه‌رگرتووه و له به‌ره‌وه به سه‌رنجی کورت تیشکی رووناکیم خسته سه‌ریان ، چونکه باسه‌که زۆر هه‌ڵده‌گرێ و له گه‌لێک باس دا کوتراوه‌ته‌وه و ئێره‌ش شوێنی شه‌نوکه‌وکردنی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و بۆچوونانه نییه.
عه‌له‌وی به دیوێکی دیکه‌دا ده‌ست ده‌خاته سه‌ر زامه قوڵه‌کانی جه‌سته‌ی کورد و ئامانجه‌که به دروستی ده‌پێکێ. هه‌ر وه‌ک بڵێی پسپۆڕێکی شاره‌زای ده‌روونناسییه و سه‌راپای ژیانی خه‌ریکی توێژینه‌وه‌یه له‌سه‌ر کورد. ئاقڵانه و بێ هیچ رتووشێک له نێو مێژووی کورد دا نمونه‌کان دێنێته‌وه و پێمان ده‌ڵێ :
ـ کورد له هۆشیاری ده‌سه‌ڵاتدا که‌موکوڕییان هه‌یه و له ده‌وڵه‌ت ده‌ترسن.
گه‌ر به ووردی له‌م رسته‌یه وورد بینه‌وه ، پاش له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات له رووخانی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه و ئه‌و قۆناغه کورته‌ی ته‌مه‌نی حکومداری باشووری کوردستان له‌سه‌رده‌می شێخی نه‌مر و کۆماری کوردستان دا، کورد هه‌رگیز موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌کردووه. حیزبی کوردی هه‌میشه خۆی به پاشکۆی حیزبی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست داناوه و هه‌رگیز بیری له ده‌سه‌ڵات نه‌کردۆته‌وه. هۆشیاریش له ده‌رئه‌نجامی هه‌ست به شتێ کردن و مامه‌ڵه و فێربوونه‌وه دروست ده‌بێ.
عه‌تا قه‌ره‌داخی نووسه‌ر و روناکبیر له‌م رووه‌وه باش مهسهلهکهیسهرنج داوه و ده‌ڵێ:” ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک توانی پانتایی ترس له بوونی خۆیدا بسڕێته‌وه، ئه‌وا مانای وایه ئه‌و کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه زه‌مینه‌ی خودسهلماندنی بۆ خۆی ئاماده کردووه”.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حیزبی کوردی تا ئێستاش له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا خۆیان به حیزبی به‌رهه‌ڵستکاری حکومه‌تی ناوه‌ندی داده‌نێن، تاوه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری بنه‌ما و سیمای بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و زوڵملێکراوی داگیرکراو دابه‌شکراو بن. ئا له‌م سۆنگه‌یه‌وه بوو گه‌لێ جاران کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به راست یان به درۆ خۆی له ئه‌رکی مۆڕاڵێ به‌رانبه‌ر به تراژیدیا‌و کاره‌ساته‌کانی به‌سه‌ر کورددا ده‌هات ده‌دزییه‌وه و ده‌یان گووت: کێشه‌ی ئێوه کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی عێراقی و سوری و ئێرانی و تورکییه. له رووی یاسا و بنه‌ماکانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه نه‌یان ده‌توانی شهرعییهتێ بۆ به هاناوه هاتنی کورد بدۆزنه‌وه. ئه‌ی کاتێ کورد خۆی به عێراقی یان ئێرانی و هتد بزانێ ، هیچ پێمان سه‌یر نه‌بێ وڵاتێکی بێگانه ئاماده نه‌بێ خه‌می ژانه‌کانمان بخوات و په‌یوه‌ندی ئابووری و سیاسی و دبلۆماسی و بازرگانی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستاندا تێک بدات. ئاخر هه‌رگیز نه‌بووه و له مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا به‌رچاو ناکه‌وێ، کوچک له ئاگر گه‌رمتر بێ، که‌ی کۆسۆڤۆیی له سه‌رب میلۆسۆڤیجتر بووه؟ کوا پۆڵهنییهک له هیتله‌ر ئهڵمانیتر بووه؟ . داگیرکه‌ر و بێگانه‌په‌رستی ته‌نیا لای سه‌رانی کوردی تێکشکاو ره‌واجی ماوه و سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ.
تا ئێستا هیندییه‌ک نه‌یگووتووه من ئینگلیزم ، عه‌ره‌بێک نابێژێ من ئیسرائیلیم ، ئه‌رمه‌نییه‌ی باس له‌وه ناکات تورک بێت ، ڤێتنامییه‌ک هه‌ڵه‌ی وا ناکات خۆی به ئامریکایی له قه‌ڵه‌م بدات ، ئۆکرانیاییهک چیرۆکی رووسی بوونی خۆی بۆ تۆمار نه‌کردووین. داگیرکه‌ریش هه‌موو ناسنامه و ئیدیۆلۆژیایه‌کی له ئێمه قه‌بوڵ کردووه، جگه له کوردبوون نه‌بێت. بۆیه‌کا ئه‌م بنه‌ما هزریی و سیاسیی و ناسنامه‌ییه له ڕسکانی پاسۆک دا بووه دروشمێکی ناوه‌ندی به سه‌ردێڕی (( پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێ بین،ده‌بێ کورد بین)) خۆی نه‌خش کرد. ئه‌و دوو حیزبه بیر و رێبازی پاسۆکیان پێ په‌سه‌ند نه‌بوو،چونکه داگیرکه‌ران لێی تۆقیبوون، ئیدی به فه‌رمانی بێگانه سه‌ریان فلیقانده‌وه.
ـ کوردیش وه‌ک شیعه شۆرش ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌نه‌وه ده‌ست ئه‌وی دیکه.
له‌وه‌ته‌ی عێراقی بێژ‌و له سه‌ر ده‌ستی ئینگلیزدا دروست کراوه، کورد هه‌ر خه‌ریکی رووخاندن و رزگارکردن و بیناکردنه‌وه و پاراستنی چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌رانه و رژێمه شۆفێنییهکانیان بووه. کورد فاکته‌ری رووخانی هه‌موو حکومه‌ته‌کانی عێراق بووه، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک چرکه‌سات خۆی ده‌سه‌ڵاتی گرتبێته ده‌ست. له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش هه‌مان راستی و پێوه‌ر به‌رچاو ده‌که‌وێ، کورد گه‌وره‌ترین هێزی روخانی شای ئێران بوو،خومه‌ینی هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و خودموختاریشمان پێ نه‌بڕا،کورد له دامه‌زراندن و رزگارکردنی تورکیای تازه‌دا رۆڵی سه‌ره‌کی دی،ئه‌تاتورک به له سێداره‌دانی سه‌رکرده‌کانمان پاداشتی داینه‌وه. ئێستاش تولهمارهکانی موتڵه‌گ و هاشمی و… هتد به‌خێو ده‌که‌ین تا ده‌بنه هه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر بۆ گه‌رمیانی ئه‌نفالکراو و بادینانی سه‌ربڕاو و پشده‌ری ته‌ختکراو و هه‌ورامانی سوتماککراو.
ـ لای کورد شۆرش خۆی گرنگتره له ئه‌نجامه‌کانی شۆرش.
یه‌کێ له دروشمه‌کانی پاسۆک بڵندی کردبۆوه بریتی بوو له : “چه‌کی بێ بیروباوه‌ڕ سێداره‌ی جه‌ماوه‌ره”. نه‌بوونی کۆنسێپت و ستراتیژێکی روون و ئاشکرا لای حیزبه کوردییه‌کان و په‌روه‌رده‌کردن به گیان و بنه‌مای کوردایه‌تی ، به‌رزکردنه‌وه‌ی فشه داوا و مافی ئۆتۆنۆمی له ژێر په‌رده‌ی شۆرشدا، جگه له ئاکامه تاڵ و کوشنده‌کان،چ شتێکی دیکه‌ی لێ شین نه‌بووه.
به خواست یان به ناچاریی، گرنگ ده‌ست دانه چه‌ک و ته‌ق و تۆق بووه. تا ئێستاش ئه‌و حیزبه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌م سیاسه‌ته بکات و هه‌موو بوون و ستراتیژی خۆی له‌سه‌ر دانێ، ئه‌وه ره‌واجی له بازاڕی سیاسه‌تی کوردی‌دا هه‌یه. بۆیه‌کا شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه گه‌ر بڵێین، گه‌له‌ک جار دوژمن ناچاری ده‌ست دانه چه‌کی کردووین. ئێمه‌ش نه‌مان زانیوه چه‌ک هه‌ڵگرتن و شۆڕش کردن بۆ کام ئایینده‌یه و به کام ئاکاممان ده‌گه‌یه‌نێ؟. رابه‌رمان کێیه و هه‌ڵگری کام ویستی نه‌ته‌وایه‌تییه و به چ ئیراده‌یه‌ک هاتۆته مه‌یدانی خه‌باته‌وه؟.
ـ ئه‌گه‌ر کورد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست بچێ، ده‌رفه‌تی وای
بۆ هه‌ڵناکه‌وێته‌وه.
له هه‌ناوی مێژوودا ده‌یان ده‌رفه‌تی دیکه هه‌ڵده‌که‌وێت و ده‌ڕوا و دێت. وه‌لێ ئه‌وه له نرخی ئه‌و بۆچوونه‌ی عه‌له‌وی که‌مناکاته‌وه، ئه‌م ده‌رفه‌ته یه‌کجار تایبه‌ت و دانسقه‌یه. به‌ڵێ ئه‌مه ده‌رفه‌تێکی زێڕینه و یه‌کێکه له باشترین ئه‌و هه‌لانه‌ی هاتۆته به‌رده‌م سه‌رانی کورد. به جارێ سه‌رجه‌م داگیرکه‌رانی کوردستان گیرۆده‌ی ده‌رد و کێشه و تایبه‌ت به‌خۆیان بوون و ململانێ خوێناوییه‌کان پێشبینی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرێت، رووداوه‌کان ته‌نها به سوودی کورد هه‌ڵسوڕێن،چونکه پرۆژه و خه‌ونی داگیرکه‌ران هه‌مووی داڕمان و پووچه‌ڵ بوونه‌وه. گه‌ر کورد خۆی ئاماده و کارا بێت، ده‌بێته پاڵه‌وانی مێژووی سه‌ده‌ی 21.
ـ کورد فۆبیای ده‌وڵه‌تی هه‌یه.
سه‌رانی سیاسی کورد مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به هه‌موو میلله‌تانی دنیا به ره‌وا ده‌بینێ و ئاماده‌یه کوڕی کورد له پێناوی کچی گه‌لاندا به کوشت بدات و ته‌نانه‌ت ده‌ست له نیشتمانی خۆیشی هه‌ڵگرێت بۆ بێگانه. که‌چی بۆ خۆی نه‌ک هه‌ر له ده‌وڵه‌ت تۆقیوه، به‌ڵکه زاره‌تره‌ک بووه به وڵاته‌که‌ی بڵی نیشتمانم کوردستانه و کورد مافی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه و بۆی ره‌وایه وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ئاڵا و ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێت. له ئامارێکدا هێشتا ئامریکاییه‌کان %79 یان باوه‌ڕیان به ده‌وڵه‌ت هه‌یه. ساتێ ئه‌ڵمانێک ده‌وڵه‌ت لای زۆر جێی بایه‌خ نییه، هۆکه‌ی بریتییه له‌وه‌ی له ئه‌ڵمانیا دا نازی ده‌سه‌ڵاتدار بووه و 6 ملیۆن جوله‌که‌ی کوشتووه و دوو شه‌ڕی جیهانیشی هه‌ڵگیرساندووه، که تێیدا ملیۆنه‌ها مرۆڤ بوونه‌ته قوربانی. ئه‌دی گه‌ر کوردێ ده‌وڵه‌تی نه‌وێ ، ـ نامه‌خوا سه‌رکرده‌یه‌کی ـ ده‌بێ چ لۆژیکێک له‌و بیرکردنه‌وه و هه‌ڵویسته‌دا بێت و کام خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و که‌سایه‌تییه بکرێت؟.
که‌واته له‌و واقیعه تاڵه‌ی کورد دا، گه‌ر حیزبێ ژینگه‌ی ئۆتۆنۆمی به‌جێ نه‌هێشتبێت، ناتوانێ بۆ فه‌زا و مه‌مله‌که‌تی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵفڕێ. ئه‌وه نییه به گووته‌ی سه‌رۆکه‌کانمان، کورد شاعیرانه خه‌ون به ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بینێ.
ده‌وڵه‌ت له مێژوودا
له‌سه‌ده‌ی 18 و 19وه که به‌سه‌ده‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌وروپا هه‌ژمار ده‌کرێت، پێشتریش له زۆر ده‌ڤه‌ری ئه‌م جیهانه‌دا ناسیونالیزم له گه‌ڕدا بووه. خانی مه‌زن پێش شۆرشی فه‌ره‌نسا و سه‌ده‌ی ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپا باس له ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات. له‌و ساته‌وه هه‌تا ئێستا له‌مه‌ڕ چه‌مکی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌وه گه‌لێ بانگاشه و راگه‌یاندنی جۆراوجۆرمان به‌ر گوێ که‌وت و خرایه به‌رده‌ست. که‌چی نه ئایین و مه‌زهه‌به ئاسمانی و زه‌مینییه‌کان و نه ئایدۆلۆژیا و تیۆرییه‌کانی سۆسیالیزمی شوره‌وی و نه مه‌عریفه و فه‌لسه‌فه‌ی دنیای کاپیتالیزم و نه ته‌کنه‌لۆژیا و گلۆبالیزمی هاوچه‌رخ هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه پوکانه‌وه و نه‌مانی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وایه‌تی بسه‌لمێنن و داوا و ویستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت خه‌فه بکه‌ن.
هه‌یاران…له‌و رۆژه‌وه ده‌یان پروپاگه‌نده بۆ به‌سه‌رچوونی قۆناغی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌ته‌وه‌کان له ده‌وڵه‌ت به گویماندا درا، که‌چی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ک کاریگه‌رترین بزوێنه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خه‌ڵک هه‌موو ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی له پرۆسه‌ی هه‌بوونی خۆیدا به‌زاندوو و رۆژ به رۆژ خورتتر و دره‌وشاوه‌تر به‌رجه‌سته ده‌بێت.
زانا و کۆمه‌ڵناس و بیرمه‌نده‌کانی دنیا هه‌رده‌م جه‌خت له‌سه‌ر به‌ها و گرنگی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌نه‌وه و به به‌هێزترین فاکته‌ری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و به‌ره‌و پێشچوونی ژیانه. ئا له‌م روانگه و تێگهیشتهوهیه هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان خه‌باتی خوێناوی بۆ ده‌که‌ن و هه‌وڵی دیپلۆماسی بۆ ده‌ده‌ن. هیچ نه‌ته‌وه و لایه‌ن و که‌سێک نییه و نابێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م پێداویستییه بێت. شایانی باسه، ئێمه‌ش ده‌زانین، له هه‌ندێ قۆناغ و چه‌ند وڵاتێک‌دا ده‌وڵه‌ت سیسته‌مه‌که‌ی ده‌زگای سه‌رکوتکه‌ر و خوێناوی بووه، وه‌لێ له ده‌مکاتی کورت و پێویست دا ئاڵوگۆر کراوه و چاره‌سه‌ر کراوه.
پرۆسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌وڵه‌ت دروستکردن له ئه‌وروپای رۆژئاوا و ناوه‌ڕاست و رۆژهه‌ڵات هه‌موویان له ئه‌نجامی جیابوونه‌وه له‌و زلهێزانه‌وه دروست بوون، فلهنده و وڵاتانی به‌لتیک و پۆلۆنیا و چیکۆسلۆڤاکیا و رۆمانیا و ئه‌لبانیا له رووسیا و نه‌رویج 1905 له سوید و به‌لژیکا 1831 له هۆڵه‌نده جیابوونه‌وه . ئایسلاند 1944 له‌گه‌ڵ دانیمارک یه‌کێتییه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
نه‌ته‌وه‌ی ئینگلیز 1688 شۆرشی کرد و ده‌وڵه‌تی دامه‌زراند، فه‌ره‌نسا1789 به شۆڕش ده‌وڵه‌تی دروستکرد و دوایی پرۆسه‌ی به نه‌ته‌وه‌بوون تێیدا که‌وته گه‌ڕ. ئه‌م دوو شۆڕش و ده‌وڵه‌ته نوێیه کاریگه‌ری ته‌واویان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌وروپای رۆژاوا و ناوه‌ڕاست هه‌بوو. فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر ئیسپانیا و به‌لژیکا و ئینگلستان له‌سه‌ر وڵاتانی سکه‌نده‌ناڤی و هۆله‌نده. بارودۆخی ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر په‌رته‌وازه و پارچه‌پارچه‌بوون بڕه‌ک جیاوازی له دروستکردنی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه. ئه‌ڵمانیا به نموونه ئه‌و سه‌رده‌مانه له زیاتر له 360 میرنشین پێک هاتبوو. دواتر له ژێر کاریگه‌رێتی رووداوه‌کاندا و به سه‌رپه‌رشتی کایسه‌ری نه‌مسا بوونه 39 شار و ناوچه‌ی ده‌وڵه‌تئاسا و هه‌ر لایه‌کیان نوێنه‌رێکیان بۆ په‌رله‌مان ده‌نارد. فه‌ره‌نسا هه‌رده‌م دژ به ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ڵمانی بووه و زیاتر هانی ئیتالیا و پۆلۆنیای ده‌دا ده‌وڵه‌ت بۆ خۆیان دروست بکه‌ن. چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه ئیتالیا ته‌نها چه‌مکێکی جوگرافیایی بوو.
ئینگلیز خۆی به قه‌ڵا و پارێزه‌ری نه‌ته‌وه بچووکه‌کان داده‌نا. زلهێزه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ئینگلیز و فه‌ره‌نسا له رۆژاوای ئه‌وروپا و رووسیا له رۆژهه‌ڵات و نه‌مسا و پرووسیا له ناوه‌ڕاست بوون.
پرنسیپی نه‌ته‌وایه‌تی له‌و شوێنه‌دا قه‌بوڵ بوو، که‌وابه‌سته‌ی هێزێکی میرنشینی بوو. وه‌ک له به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئیسپانیا، پورتوگال، هۆله‌نده و سوید دا ئاماده‌ییان هه‌بوو. ئه‌مه دیارده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی بوو. که‌واته جارێکی دیکه‌ش ده‌توانین جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستییه بکه‌ینه‌وه، که‌وا پرنسیپی نه‌ته‌وایه‌تی و چه‌مکی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی دینه‌مۆی گۆرانکارییه‌کانی ئه‌وروپا بوون. شایانی گووتنه، هه‌ڵگرانی ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی له ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا له ده‌سته‌یه‌کی هه‌ڵبژارده پێکهاتبوون، که بریتی بوون له: خاوه‌ن موڵکه‌کان و هاوڵاتییانی خوێنده‌وار و به‌گزاده و میره‌کان. به‌کورتی شۆرش له بانڕا کراوه نه‌ک له بنڕا. ئه‌م میلله‌تانه ئه‌وه‌نده‌ی کێشه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تیان هه‌بوو، هێنده سه‌رگه‌رمی هه‌ڵبژاردنی سیسته‌م نه‌بوون. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له سه‌رێ ئاماژه‌مان پێدان،جگه له فه‌ره‌نسا هه‌ر هه‌مویان پادشایین.ته‌نانه‌ت له‌م رۆژانه‌دا 60 ساڵ به سه‌ر عه‌رشی شاژن ئه‌لیزابێتی دووه‌می به‌ریتانیادا تێپه‌ڕی و هه‌موو ئینگلیز ئه‌و جه‌ژنه‌یان لێ پیرۆز کرد.
له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه، گه‌لێ له توێژه‌ران لایان وایه که‌وا نه‌ته‌وه و دیموکراسی دوو رووی یه‌ک مه‌دالیا بوون. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش خۆی وا نیشان ده‌دا که چوارچێوه و زامنێکی به‌هێزی دیموکراسی و خه‌باتی په‌رله‌مانییه.
به‌م پێودانگه پاسکوله مانزینی مافپارێز و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا ده‌ڵێ: “ده‌وڵه‌تێک که چه‌ندین نه‌ته‌وه ناچار بکرێن تێیدا یه‌کگرن، ئه‌وه ئۆرگانیزمێکی سیاسی نییه، به‌ڵکو ئه‌وه کاره‌سات و دۆزه‌خی ژیانه”. پرونچلی یاساناسی سویسری ده‌ڵێ:” هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌وڵه‌تێک و هه‌ر ده‌وڵه‌تێک نه‌ته‌وه‌یه‌کی هه‌بێ”.
پرنسیپی شه‌ڕ
شه‌ڕ …. وه‌ک فاکتێکی به‌هێز له گۆڕه‌پانی رووداوه‌کاندا هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بووه و رۆڵی له بڕیاری چارهنوسسازیشدا گێڕاوه. هه‌ر بۆیه بیریاران شه‌ڕیان به باوکی هه‌موو شته‌کان داناوه. گه‌ر ته‌ماشای وڵاتێکی وه‌ک ئیتالیا بکرێ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ک ده‌ڵێن هه‌ر چه‌مکێکی جوگرافیایی بوو، هیچ ناوه‌رۆک و سیمایه‌کی سیاسی نه‌بوو. له‌ته‌ک هه‌بوونی چه‌ندین پارت و هێزی سیاسی دیموکرات و لیبهڕاڵخوازدا که‌چی له ئه‌نجامی 3 شه‌ڕی گرنگ ئه‌وجا پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی پێکهات.
1ـ ساڵی 1866 ڤێنیسیا هاته سه‌ر ئیتالیا له ئه‌نجامی شکستی نه‌مسا له‌به‌رانبه‌ر پروسیا له‌شه‌ڕدا.
2ـ 1871 هێزه‌کانی ئیتالیا چوونه ناو رۆماوه، چونکه ناپلیۆنی 3 که پشتیوانی له پاپا ده‌کرد، له‌شکره‌که‌ی بۆ شه‌ڕی دژی پرۆسیا که هه‌ڕه‌شه‌یان له پاریس ده‌کرد کشاندبووه‌وه.
3ـ ناوچه‌ی ئیچینگ دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دوای دۆڕانی هێزه‌کانی ئه‌وروپای ناوه‌ڕاست به‌سه‌رکردایه‌تی نه‌مسا که‌وته‌وه سه‌ر ئیتالیا.
ئه‌ڵمانیاش دوای شکسته‌کانی فه‌ره‌نسا له‌شه‌ڕدا، ئه‌وجا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دروست کرد.
ده‌کرێ شه‌ڕ و شۆرشه‌کانی ساڵه‌کانی 1848،1859،1866 و 1871 له ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا وه‌ک یه‌ک ته‌ماشا بکرێ و ئه‌وانیش به تاکه رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌خش ببوون.
گه‌ر په‌نا به‌رینه به‌ر تاقیکردنه‌وه و خه‌باتی گه‌لان له په‌روه‌رده‌کردنی رۆڵه‌کانیان و شێوازی شۆڕش و خه‌باتیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، وا ده‌یان لاپه‌ڕه‌ی گه‌شمان دێته به‌رچاو. با نموونه‌یه‌کی زۆر ساده و ساکار بۆ دیدی خوینه‌ر رابگوێزم.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕ و داگیرکارییه به‌رده‌وامه‌ی نێوان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسادا ناوچه‌ی ئێلزاس ـ لۆترینگهن ده‌که‌وێته بنده‌ستی ئه‌ڵمانیاوه. له‌و میانه‌دا چیرۆکێکی به‌جۆش دروست ده‌بێت. دوو برا ئه‌ندرێی 14 ساڵ و جولیانی 7 ساڵ به هه‌تیوی و ناچاری له‌تاو داگیرکاری ئه‌ڵمان زێدی خۆیان فالسبۆرگ به‌جێدێڵن و ده‌چنه پاریس. فه‌ره‌نسییه‌کان گه‌شتێک بۆ ئه‌م دوو منداڵه به‌سه‌رتاسه‌ری فه‌ره‌نسادا ساز ده‌که‌ن، تا به نیشتمانه نوێیه‌که‌یان ئاشنایان بکه‌ن. ئه‌مانه له‌ته‌ک منداڵانی دیکه‌دا له قوتابخانه فێری زانیاری و زانستی شه‌ڕ و خۆشه‌ویستی وڵاتیان ده‌که‌ن.
وه‌زیری خوێندنی فه‌ره‌نسای ئه‌و سه‌رده‌مه یولس فێری بڕیار ده‌دات له هه‌موو پۆلێکی قوتابخانه‌کاندا نه‌خشه‌یه‌ک هه‌ڵواسن که ئێلزاس ـ لۆترینگهنی له‌سه‌ر بێت له‌ته‌ک ئاڵایه‌کدا. له کۆتایی ساڵدا، کاتێ بڕوانامه ده‌درێت به قوتانییان، پێویسته مامۆستا له‌سه‌ر ته‌خته ره‌شه‌که بنووسێ: ” ئه‌ی منداڵ، تۆ ده‌بیته سه‌رباز”.
میلله‌تان به‌م شێوازه تاکی خۆیان بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی په‌روه‌رده کردووه، که‌سێکیش به دروستی و ته‌ندروست په‌روه‌رده کرابێ، بێگومان ده‌بێته سه‌ربازێکی دڵسۆز و باش بۆ گه‌له‌که‌ی. هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه‌وه و له ئاکامی خۆشه‌ویستی قووڵ بۆ نیشتمان به گووته‌ی ئولریش ڤیکلهری نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و بێژه‌ری تیڤی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێ: ” کاتێ له زارۆکێکی فه‌ره‌نسایی ده‌پرسی، ئاره‌زوو ده‌که‌یت له دوا رۆژدا ببی به چی، بێ دوو دڵی ده‌ڵێ سه‌ره‌ک کۆمار”. چونکه ئه‌و زارۆکه ده‌زانێ، له‌و پیشه و پۆسته‌دا پێویسته هه‌موو خه‌سڵه‌ت و کاره‌کته‌ری فهرهنساییهکی نیشتمانپه‌روه‌ر به‌رجه‌سته ببێت. ئه‌ویش ئاماده‌کاری ده‌کات و خۆیشی به‌شایانی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئه‌رک و شه‌ره‌فه ده‌زانێ .
1990 ساڵێ دوای رووخانی دیواره‌که‌ی به‌رلین، بۆ یه‌که‌م جار له ناوه‌ندی شاری به‌رلین ئه‌له‌کسه‌نده‌ر پلاس یادی کاره‌ساتی ژاربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌مان وه‌ک به‌ره‌ی کوردستانی و کوردی ئاواره‌ی ئه‌ڵمانیا کرده‌وه. نوسینی لافیته و هه‌ندێ بابه‌تی دیکه خرابووه ئه‌ستۆی من وه‌ک نوینه‌ری پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک… له‌سه‌ر لافیته‌که به ئه‌ڵمانی نووسیم : له 16.3.1989 دا ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیالیستی عێراق شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی به گازی ژاراوی و چه‌کی کیمیاوی بۆمبارانکرد و زیاتر له 5 هه‌زار شه‌هید و 10 هه‌زار بریندار بوون. ئه‌م لافیتهیهمان ببووه جێێ سه‌رنجی خه‌ڵکه‌که. پاش قه‌ده‌رێ د.رۆژ نوری شاوه‌یسی پارتی،که له‌به‌رلینی رۆژهه‌ڵات ده‌ژیا په‌یدابوو. هه‌ر که چاوی به دروشمی لافیته‌که که‌وت، ره‌نگێکی هێناو برد و باری ده‌روونی تێکچوو و ده‌ستبه‌جێ حه‌مه‌ئه‌مین ده‌لۆیی به‌رپرسی پارتی بانگ کرد و ووتی: ئه‌وه چییه نوسیوتانه ؟،عێراق کۆلۆنیالیست نییه و ده‌بێ ئه‌و لاڤیتهیه لابه‌ن. له وه‌ڵامدا نوێنه‌ری پارتی ووتی ئه‌وه براده‌رانی پاسۆک ئاماده‌یان کردووه، به‌راستی شه‌ڕی ئه‌وانمان پێ ناکرێ، لێگه‌ڕێ با وا بڕوات. ئیدی نازانم دواجار چۆن له‌و براده‌ره‌یان پرسییه‌وه، هێنده نه‌بێ د. رۆژ به توڕه‌ییه‌وه شوێنه‌که‌ی به‌جێهێشت. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی د. رۆژ کتومت سیاسه‌تی پارتی بوو، له‌به‌ر دڵی برایانی عه‌ره‌ب و ئه‌ڵمانیای دیموکراتی و به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات نه ده‌بوو ،کوردستان به داگیرکراو پێناسه بکرێت.
نه‌ک هه‌ر ئه‌و و پارته‌که‌ی، ده‌با بزانین له‌م رۆژگاره‌شدا کامه وه‌زیر و سه‌رۆک په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم و به‌رپرسی دیکه بۆ منداڵێکی گه‌رمیان، که‌رکوک و ناوچه داگیرکراوه‌کانی دیکه گه‌شت ساز ده‌که‌ن؟ کامیان بڕیار ده‌دات ده‌بێ نه‌خشه‌ی کوردستان له سه‌ر دڵتان و له‌ناو مێشکتان و له‌سه‌ر دیواری قوتابخانه و سه‌رشه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانی وڵات‌دا هه‌ڵواسن؟.کێیان به وه‌ک بێشکچی کوردستان به دوا کۆلۆنی ده‌ناسێ؟.
ئه‌وه هه‌زاران خێزانی ناوچه داگیرکراوه‌کان بوونه‌ته ئاواره و له یاریگا و ژێر پرد و په‌نا که‌لاوه‌ی رووخاودا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، کێ ئاوڕیان لێ ده‌داته‌وه ده‌بێته هاوبه‌شی ئازار و خه‌مه‌کانیان؟.
قوتابی کورد بۆ خوێندن، هێشتا ژاراوی به‌رنامه و که‌لتووری داگیرکه‌ری ده‌خرێته به‌رده‌م. تا ئێستاش به که‌سایه‌تییه‌کی دوو له‌ت و به دوو میتۆدی جیاواز گۆشت ده‌کرێ. ئاخر له هه‌موو به‌رنامه و گووتار و ره‌فتاری حیزب و وه‌زاره‌ت و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌دا پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌دی ناکرێت.
نابێت ئه‌وه له یاد بکه‌ین، قۆناغه‌کانی گه‌یشتن به‌و کوردستانه ئازاده‌ی که ئێستا تێیداین و خاوه‌نی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆمانین، به‌رهه‌می راسته‌وخۆی شه‌ڕی ئێران و ئێراق و ده‌رپه‌ڕاندنی عێراق له کوێت و ره‌وه‌که و لێدانی عێراق و رووخاندنی رژێمی به‌عس و سه‌ددامه. له هه‌نووکه‌دا گه‌رمبوونی ململانێکانی ناو عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێکی تر ـ که پێده‌چێ حه‌تمی بێت و هه‌ر ده‌بێ روو بدات ـ کوردستان به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت ببات. ئه‌گه‌ری به‌هێزیش هه‌یه لێدانی ئێران و رووخانی رژێمی سووریا و هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا، ده‌رگای سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی کوردستان‌مان له‌به‌رده‌م دا ئاواڵه بکات.
بۆیه پێویسته مه‌رجی بنچینه‌یی سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی به یه‌کێتی ریزه‌کانی کوردمسۆگهر بکه‌ن. ئه‌نجوومه‌نێکی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌زگایه‌کی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک خاوه‌ن بڕیاری سه‌ره‌کی به به‌شداری هه‌موو که‌س و لایه‌نه‌کان پێک بێت و به زرنگی و دیقه‌تی وورد له رووداوه‌کان و به فره پرۆژه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان ئاماده‌یی به‌رده‌وامی هه‌بێ. ده‌سه‌ڵاتی کوردی که خۆی شه‌له‌شه‌ل به‌ڕیوه ده‌ڕوا،ناتوانێ بێته گۆچانی بن هه‌نگڵی که‌سی دیکه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ی داوای فیدڕاڵی و بێوه‌ژن کۆشییهی بۆ ده‌ستووری عێراقی ده‌کات به‌جێ بهێڵێ و له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی لۆبی و که‌ناڵه‌کانی دیبلۆماسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به جددی کار بکات. ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردستان زیاتر له 7 ملیۆن دانیشتوانی باشووری له‌به‌ر ده‌ستدایه و 40 ـ 50 ملیون کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ش پشتیوانی لێ ده‌که‌ن، نه‌وت و ئاو و که‌ره‌سه‌ی خاوی دیکه‌ی گه‌لێ زۆره، هه‌ڵکه‌وتی جیوپۆلیتیکی کوردستان گرنگه و ده‌رگای کوردستان به رووی هه‌موو جیهاندا ده‌کاته‌وه. هه‌ر که‌س و لایه‌نێک ئه‌م سامان و کارته به‌هێزانه‌ی به‌ده‌سته‌وه بێت ،له دنیای ئه‌مڕۆی سیاسه‌ت و ئابووریدا ده‌توانێ قسهرۆیشتووانه به مهرجیشهوه بایه‌خ و کاریگه‌رێتی هه‌بێت .
جا ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد جوامێرانه نه‌چنه ژێر باری ئه‌م ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و بڕیاری چاره‌نووسسازی خۆیان له دووڕیانی مان و نه‌مان و هه‌ڵبژاردنی ژیانێکی پڕ له شکۆی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی‌دا به جه‌رگانه نه‌ده‌ن، به واتایه‌کی دیکه گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک به‌م هه‌موو که‌ره‌سه و فاکته گرنگ و کاریگه‌رانه‌وه نه‌توانێ بانگه‌وازی ده‌وڵه‌ت بدات، ئیدی مافی جه‌ماوه‌ری کورده گوێ بۆ هیچ بهیتوبالۆرهیهکی ئه‌وانه شل نه‌کات و چیدی به عیوهکانیان فریو نه‌خوات. له هه‌مووی گرنگتر بیر له گۆڕان و ئه‌لته‌رناتیفی کوردستانی دیکه بکاته‌وه. کورد به هه‌موو پێوه‌ر و هه‌قێک، له پێناوی فه‌راهه‌مکردنی خۆشگوزه‌رانی له کوردستانێکی ئازاد و یه‌کسان دا، پێویستی به رێنیسانسێک ، له دید و ستراتیژیدا هه‌یه، به ئاڕاسته‌ی به نه‌ته‌وه‌ییکردنی پرۆژه‌ی کار و ئاسۆی تێڕوانین و چه‌مکی خه‌بات .
سه‌رچاوه‌کان:
کۆتایی عێراق …. پ. گالبێرس و. سۆران عه‌لی محه‌مه‌د ئه‌مین
دیوانی هه‌سپم هه‌وره و رکێفم چیا… ع. په‌شێو
چه‌مکی ده‌وڵه‌ت و بزووێنه‌ری مێژوو له کۆمه‌ڵگای کوردی دا…. عه‌تا قه‌ره‌داخی
به ئه‌ڵمانی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه له مێژووی ئه‌وروپادا…. هاگهن شولتسه
Staat und Nation in der europäischen Geschichte Hagen Schulze
12.2.2012{jcomments off} به‌رلین